'گەشتی ئازادی' دووەم ڕۆژی تێپەڕاند

ئەو گەنجانەی لە پێناو ئازادی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لە شاری دۆرتمۆندەوە دەستیان بە ڕێپێوان کرد، لە ڕۆژی دووەمدا گەیشتنە شاری ئەسەن.

ڕێپێوانی درێژمەودای 'گەشتی ئازادی'، کە بە بەشداری زیاتر لە ٢٠٠ گەنجی کورد و ئینترناسیۆنالیست لە ٤٠ وڵاتی وەک ئەڵمانیا، سویسرا، فەڕەنسا، بەریتانیا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا و بۆلیڤیا دەستی پێکرد، دووەم ڕۆژی تێپەڕاند.

ئەو گەنجانەی لە ڕۆژی یەکەمدا لە شاری دۆرتمۆندەوە دەستیان بە ڕێپێوانەکە کرد و بەرەو شاری بوخوم ڕۆیشتن، لە ڕۆژی دووەمدا چوونە شاری ئەسەن.

لەو چالاکییەدا کە بە دروشمی 'بە ڕۆحی ئاپۆیی بەرەو گەشتی ئازادی' بەڕێوەدەچێت، بە ھەڵگرتنی ئاڵا، لافیتە و پۆشینی تیشێرت، کە وێنەی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالانی لەسەرە، ئاماژە بە گۆشەگیریی توند و گرنگی ئازادی جەستەیی ئۆجەلان دەکرێت.

گەنجان هەروەها لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی برۆشەر سەرنجیان بۆ گرنگی مسۆگەرکردنی ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان ڕاکێشا.

گەنجان لە شاری ئەسەن کۆتاییان بە ڕۆژی دووەمی چالاکییەکە هێنا. ئێوارە لە ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کورد لە شاری ئەسەن کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی ڕێبەری گەلی کورد و ئەو پرۆسە و ئەرکانەی کە پێویستە ئەنجام بدرێن، کرد. ھاوکات پێشبڕکێیەکی زانستی، ھەڵپەڕکێ و چالاکیی جیاجیایان ئەنجامدا.

ڕۆژی سێیەمی گەشتەکە لە وێستگەی شەمەندەفەری ئۆبەرهاوسنەوە (بانھۆف) دەست پێدەکات و تا دۆیسبورگ ڕێپێوانەکە بەردەوام دەبێت.

ژ.ن