هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە ڕۆژەڤی حکومەتی ئوسترالیادایە

سیناتۆری پارتی سەوزی ئوسترالیا دەڤید شۆبریج، سەبارەت بە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، پرسیاری لە وەزارەتەکان کرد.

سیناتۆری پارتی سەوزی ئوسترالیا دەڤید شۆبریج، لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ئاسایشی سیناتۆرەکان لە پایتەختی کانبێری، سەبارەت بە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچە مەدەنییەکانی ڕۆژئاوا و هەڵوێستی ئوسترالیا بەرامبەر ئەم پێشێلکارییانەی مافی مرۆڤ، پرسیاری لە وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا پێنی وۆنگ و ئەندامانی وەزارەتی بەرگری کرد.

شۆبریج لە سەرەتای قسەکانی گوتی: "جەنابی وەزیری، ئایا ئاگاداری ئەو فەرمانەن کە ١٤ ی تشرینی یەکەم سەرۆک جۆ بایدن دەری کرد؟ لە ڕاگەیاندراوەکەی سەرۆک بایدندا بە تایبەت باس لەوە کراوە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورک لە باکوری سوریا هەڵمەتی لەناوبردنی داعش تێکدەدات،  خەڵکی سڤیل دەخاتە مەترسییەوە و ئاشتی و ئاسایش و ئارامی هەرێمەکە دەخاتە مەترسیی زیاترەوە. ئەمەش هەڕەشەیەکی نائاساییە بۆ سەر سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا.

جەنابی وەزیر، وەک دەزانن زۆربەی کردەوەکان، کردەوە سەربازییەکان، بۆردوومانەکان و کوشتنەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی گەلی کوردە. ڕوانینی حکومەتی ئوسترالی بۆ ئەم بابەتە چییە؟ پێشنیارتان بۆ پاراستنی گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکە لە هەرێمی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چییە؟".

لەسەر ناوی وەزارەتی دەرەوەی ئوسترالیا کریس کانۆن، وەڵامی دایەوە و گوتی: "چەند یەکەیەکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیەکەمان لەسەر پرسەکانی باکوری سوریا (ڕۆژئاوا) کاردەکەن. ئەوەی دەتوانم لەسەر هەڵوێستی ئوسترالیا بیڵێم ئەوەیە، ئێمە نیگەرانین لە پێشێلکردنی پەیماننامەکانی ئاگربەست و هیوادارین هەموو لایەنەکان ئەوەی لە توانایاندایە بیکەن بۆ پاراستنی ئاگربەستەکە. بەگوێرەی پەیماننامەکە ئوسترالیا ماف دەداتە تورکیا بۆ خۆی لە هەڕەشە ئەمنییەکان بپارێزێت، بەڵام پێویستە هەمووان ژیان و ژێرخانە مەدەنییەکان بپارێزن. ئوسترالیا پشتیوانی لە چارەسەری ئاشتیانەی ململانێکانی سوریا دەکات لەسەر بناغەی دیالۆگ و چارەسەری سیاسی و بەگوێرەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان".

سیناتۆر دەیڤد شۆبریج، پرسی: "ئاخۆ ئوسترالیا داوا لە تورکیا دەکات هێرشە سەربازییەکان و هێرشەکانی ئێستای بۆ سەر گەلی کورد و گەلانی تری هەرێمەکە ڕاوەستێنێت؟ ئاخۆ ئوسترالیا داوایەکی وەها ڕوونی دەبێت؟".

بەرپرسی وەزارەتی دەرەوە، کریس کانۆن، لە وەڵامدا گوتی: "هەڵوێستی خۆمانم دەستنیشان کرد. ئێمە لەم بارەیەوە لەگەڵ دەوڵەتی تورک لە پەیوەندیداین و بەردەوام دەبین. هیوامان وایە هەمووان بۆ پاراستنی پەیماننامەکانی ئاگربەست، هەرچیان لەدەست دێت بیکەن".

کانۆن گوتی: "دەتوانم بڵێم، حکومەتی ئوسترالیا لەسەر پرسی پاراستنی خەڵکی سڤیل کۆبوونەوە دەکات. هەروەها لە کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ تورکیا گفتوگۆمان لەسەر نیگەرانییە مرۆییەکان کردووە. هەمیشە نیگەرانییەکانی خۆمان لەهەمبەر جڤاکی کورد لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و کەمەنەتەوایەتییەکان لە عێراق و سوریا دەربڕیوە".