کارامووس: لە کەسایەتی عەبدوڵا ئۆجالاندا گەلی کورد گۆشەگیر دەکرێت

ئەحمەد کارامووس هاوسەرۆکی کەنەکە ڕایگەیاند؛ گۆشەگیری لەسەر بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆیە و وتی: "لە کەسایەتی عەبدوڵا ئۆجالان گەلی کورد گۆشەگیر دەکرێت. بەدەیان هەزار کورد لە کۆڵن وتیان؛ عەبدوڵا ئۆجالان ئیرادەی ئێمەیە."

ڕێبەر ئاپۆ لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ـەوە هەتا ئێستا لە دوورگەی ئیمراڵی بۆ ئاشتی و نەتەوەیەکی دیموکراتیک تێدەکۆشێت. لە دوایین دیداریدا لە ٢٣ی تشرینی یەکەم ڕایگەیاند: "گۆشەگیری بەردەوامە، ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێندرێت، هێزی تیۆری و پراکتیکیم هەیە پرسەکە لە بواری یاسایی و سیاسیدا چارەسەر دەکەم."

"هیوای بە گەلی کورد بەخشی"

ئەحمەد کارامووس هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) سەبارەت بە گۆشەگیریی ڕەهای سەر ڕێبەر ئاپۆ و چەمکی شەڕی کۆمەڵکوژی لە کوردستان لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فوراتدا قسەی کرد.

کارامووس ئاماژەی بەوەکرد کە گۆشەگیری لەسەر ڕێبەر ئاپۆ پەرەی سەندووە و لە هەموو کۆمەڵگادا بڵاو بووەتەوە و وتی: "هەرچەندە دیدار ئەنجام دراوە، بەڵام گۆشەگیری بەردەوامە. گۆشەگیری و چەمکی بڕینی پەیوەندییەکان کە بەسەر بەرێز عەبدوڵا ئۆجالان بەڕێوە دەچێت، کردەوەیەکی نایاسایی و بەدوور لە هەموو ئایاسا نێونەتەوەییەکانە. بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان خۆی لە پەیامەکەیدا بە ڕوونی ڕایگەیاند گۆشەگیری بەردەوامە. ئەگەر تەنیا دیدارێکیش ئەنجامدرا، بەڵام هیوای بە گەلی کورد بەخشی. لانیکەم لەسەر دۆخی تەندروستی زانیاریمان پێ گەیشت، ئەمەش دڵخۆشیەکی گەورەی پێ بەخشین."

گەلی کورد گۆشەگیر دەکرێت

کارامووس لە میانەی قسەکانیدا وتی: "گۆشەگیری لە بنەڕەتدا بەشێکە لە پرسی چارەسەری کورد، هەرچەندە لە ساڵی ٢٠٠٩، ٢٠١٣تا ٢٠١٥ پرۆسەی چارەسەری لە ئارادا بوو، بەڵام دەرکەوت دەوڵەتی تورکیا هیچ نیازپاکیەکی لە پروسەی چارەسەرکردنی نییە، ڕوون بووەوە کە ئەو کۆبوونەوانەی کە لەو قۆناغە جیاوازانەدا ئەنجام دەدرا، مەبەست لێی فریودانی گەلی کورد بوو. بەتایبەت لە ساڵی ٢٠١٦دا ئەو پڕۆسەیەی کە لە تورکیا هاتە پێشەوە، ئەو فشار و هێرشانە، سیاسەت و چەمکێکە ڕوویدا، هەموو ئامانجی قڕکردنی گەلی کورد بوو. لە بنەڕەتدا ئەو گۆشەگیرییەی بەسەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالاندا سەپێنراوە، بەشێکە لەو چەمک و سیاسەتە و نیازی چارەسەری نییە. ئایا ئەم گۆشەگیرییە لەسەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، مەسەلەیەکی شەخسییە؟ نا! بەڵکووو لەسەر هەموو گەلی کورد بەڕێوە دەچێت. لە کەسایەتی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالاندا هەموو گەلی کورد گۆشەگیر کراوە.

بە دەیان هەزار کەس لە کۆلن دەنگیان بەرزکردەوە: عەبدوڵا ئۆجالان ئیرادەمانە

کارامووس لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "سەرباری ئە هەمووە هێرش و گۆشەگیرییەی بە سەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالاندا جێبەجێکرا، بەڵام ئیرادەی گەلی کوردە بۆ جیهان، بۆ گۆڕەپانی نێونەتەوەیی نیشان درا کە هەر  کۆنسێپت و ڕێگا و رێبازێک لە دژی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، لە دژی بزووتنەوەی ئازادی گەلی کورد بگرنەبەر، ناتوانرێت شکست بەو ڕێبازە بهێنیت. بەدەیان هەزار کەس لە شاری کۆڵن کۆبوونەوە و پەیامی ئەوەیان بە رای گشتی جیهاندا کە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ئیرادەی ئەم گەلەیە، ڕایانگەیاند بەبێ ئیرادە، ڕوڵ و پێگەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، پرسی کورد بە هیچ شێوەیەک چارەسەر نابێت. ئەمڕۆ حکومەت ڕای گشتی نێونەتەوەییش لەوە تێگەیشتووە. گەلی کورد و کوردستان، دۆستانی گەلی کورد کە بە دەیان هەزار لە شاری کۆڵن کۆبوونەوە بۆ ئەوەی نیشان بدەن بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ئیرادەیانە. واتە عەبدوڵا ئۆجالان تەنیا کەسێکە دەتوانێ پرۆسەی چارەسەری بە شێوازێکی سیاسی بە ئەنجام بگەیەنێت.

'ڕۆژئاوا مۆدێلی چارەسەری کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە'

کارامووس سەرنجی بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاکێشا و وتی: "ئێستا پرسی ڕۆژئاوا، پێگەی ڕۆژئاوا یەکێکە لەو پرسە سەرەکیانەی کە دەبێت لە پرسی کورددا چارەسەر بکرێت. چونکە ڕۆژئاوای کوردستان بە پارادایم و بیرۆکە و فەلسەفەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان گەیشتووەتە ئەم ئاستە. ئەو دیمەنە وڵامی پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چارەسەری کێشەکاندا دەداتەوە. لەسەر ئەو بنەمایە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوا پێکدێت، لەوە دەترسێت کە کورد بتوانێت بە چارەسەرێکی ئەڵتەرناتیڤ کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر بکات و پێکەوە ژیانی گەلان پێک بێنێت. ئایا چارەسەری لە شەڕدایە، لە کۆمەڵکوژیی و کوشتنی مرۆڤەکاندایە؟ بۆیە مودێلی ڕۆژئاوا وەڵامی هەمووی ئەمانەی داوەتەوە، ​​هیوادارین ئەو هێزە نێونەتەوەییانەی کە هاوکاریی ستراتژیکیان لەگەڵ دەوڵەتانی داگیرکەر و بەتایبەت دەوڵەتی تورکیا هەیە، بگەنە ئەو بڕوایەی کە ئەو سیاسەتانە هیچ چارەسەرێک بەرهەم نا‌هێنێ.

بانگەوازی بۆ پەدەکە

کارامووس لە قسەکانیدا، ئەوەشی وت: "ئەمڕۆ گەلی کورد بە قۆناغێکی هەستیار و مەترسیداردا تێدەپەڕێت، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بەدەیان جار هەوڵیداوە یەکڕیزی لە نێو بزووتنەوەکانی کوردستاندا لە هەر چوار پارچەی کوردستان پێک بێنێ. ئێمە ئەو هەوڵەشمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستانیش داوە، بەڵام پەدەکە کارکردنی لەگەڵ دەوڵەتێکی داگیرکەر هەڵبژاردووە کە دەیەوێت بە هەموو شێوەیەک بوونی گەلی کورد لەناوچەکە بسڕێتەوە. ئەمڕۆ لە قۆناغێکی زۆر هەستیار و مەترسیدارداین. ئێمە چەندین جار داوامان لە پەدەکە کردووە و ڕامانگەیاندووە کە هاوکاری ئێوە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا چارەسەری ناهێنێت. جارێکی تر بانگەواز لە پەدەکە دەکەین، با لۆزانی دووەم لە سەدەی ٢١دا دووبارە نەکەینەوە. با نەبینە دوست و هاوکاری دەوڵەتی تورک لە کۆمەڵکوژی و پیلانە شەڕخوازانەکانی دژی گەلەکەمان. هیوادارین لە سیاسەت، ستراتیژ و ئامانجەکانی دەوڵەتی تورک تێبگەن و لە نێو هێزە کوردییەکاندا بەشدار بن. با پێکەوە ببنە ئەکتەرێکی سەرەکی لە چارەسەری پرسی گەلەکەمان."