کەمپەینی ئازادی ئۆجالان لە یەکێک لە بەناوبانگترین ڕۆژنامەکانی کەنەدا بڵاوکرایەوە

کەمپەینی ئازادی بۆ ڕێبەر ئۆجالان لە ڕۆژنامەی (National post) کەنەدایی بڵاوکرایەوە کە یەکێک لە هەر بەناوبانگترین و پڕ تیراژترین و پڕ خوێنەرترین ڕۆژنامەکانی ئەو وڵاتە.


لە ئاستی جیهانیدا تا دەچێت کەمپەینی ئازادی بۆ ڕێبەر ئۆجالان فراوانتر دەبێتەوە و لە میدیا و ڕۆژنامە بەناوبانگ و پڕتیراژەکاندا جێدەگرێت. لەو چوارچێوەیەدا، کەمپەینی ئازادی بۆ ڕێبەر ئۆجالان لە ڕۆژنامەی (National post) کەنەدایی بڵاوکرایەوە کە یەکێک لە هەر بەناوبانگترین و پڕ تیراژترین ڕۆژنامەکانی ئەو وڵاتە.
لەوبارەوە کەژاڵ حەمەڕەشید، کە یەکێکە لە ڕێکخەرانی کەمپەینی ئادای ئۆجالان لە کەنەدا بە ئاژانسەکەمان (ANF)ی ڕاگەیاند: "پاش هەوڵێکی زۆر لەگەڵ ڕۆژنامە و میدیاکانی کەنەدا، دواجار 
توانیمان کەمپینی ئازادی بۆ ئۆجالان لە یەکێک لە هەرە بەهێزترین و بەناوبانگترین ڕۆژنامەکانی کەنەدا بڵاو بکەینەوە کە ئەویش ڕۆژنامەی (National post)ـە.
                                                                  
کەژاڵ ئاشکرای کرد: "ڕۆژنامەی (National post) ڕۆژانە 1,592،000 ملیۆنێک و پێنسەد و نەوەد و دوو هەزار تیراژی هەیە و خاوەن خوێنەرێکی زۆرە و سێهەم باشترین ڕۆژنامەی کەنەدایە. ڕۆژنامەکە لاپەرەیەکی تەواوی بۆ تەرخان کردین بۆ ئەو کەمپینە و بەشێوەی (دیجیتاڵ/ ئۆنلاین)یش تا چوار هەفتە لەسەر نێتۆرک و وێبسایتەکانی کەنەدا دەردەکەوێت. بەو شێوەیە چەندین ملیۆن کەس لە سەرتاسەری کەنەدا کەمپینی ئازادی بۆ ئۆجالان دەبینن و لێی ئاگادار دەبنەوە.

کەژاڵ حەمەڕەشید کە دانیشتووی شاری تۆڕنتۆی کەنەدایە وتیشی: "ئەم کەمپەینە لەکاتێکدا کە وێنەی ئۆجالان، ئاڵای پەکەکە، لۆگۆ و سیمبوولەکانی تەڤگەری ئازادی گەلی کورد لە میدیای فەرمی کەنەدا و زۆربەی ووڵاناتی تریش ڕێگە پێنەدراوە. هیوادارم ئەمە هەنگاوێک بێت بۆ تێکشکاندنی ئەو تەلیسم و قەدەغەکاریەی سەر کورد و تەڤگەرەکەی.

کەمپینی ئازادی بۆ ئۆجەلان کەمپینێکە لە ساڵی ٢٠١٧وە، یەکێتی سەندیکاکانی بەریتانیا لەژێر دروشمی «ئازادی بۆ ئۆجەلان، ئاشتی لە کوردستان» بەڕێیانخستوە وتا دەچێت فراونتر دەبێتەوە و لە ئێستا وێڕای کەنەدا، بە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، جیهانی عەرەبی و جیهاندا بڵاوبووتەوە. 
 

هـ.هـ