کۆنفڕانسی ئاشتی و دیموکراسی لە بەرلین لە دووەم رۆژیدایە

کۆنفڕانسی ئاشتی و دیموکراسی لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بە پانێلێک بە ناونیشانی "قڕکردنی کۆمەڵایەتی، قڕکردنی ژن و قڕکردنی ئیکۆلۆژی" لە دووەم رۆژدا بەردەوامە.

لە پانێلەکەدا کە لەلایەن رۆژنامەوان ئەرتوغروڵ ماڤیەوە بەڕێوەدەچێت، رۆژنامەوان و چالاکوانی ژنۆلۆژی ئەلیف کایا، د. لەتیفە ئاکیوز و ئەندامی جوڵانەوەی ئیکۆلۆژیای مێزۆپۆتامیا نەجمەدین تورک ئاماژەیان بە چەند بابەتێکی گرنگ کرد.

قڕکردنی ژن و قڕکردنی کولتوری

ئەلیف کایا سەرەتا قسەی کرد و سەرنجی بۆ سەر بابەتی قڕکردنی ژن راکێشا. ئەلیف کایا وتی، "قڕکردنی ژنان بابەتێکە کە ماوەیەکی درێژە پێناسەنەکراوە و لەبەر ئەوەش پشتگوێ خراوە. بە تایبەتی ئەم قۆناغە دژوارترین کاریگەری لەسەر ژنانی کورد دادەنێت".

ئەلیف کایا رایگەیاند، کە سیاسەتی دیکتاتۆرانە لە تورکیا گوشار چڕ دەخاتە سەر رۆشنبیران و ژنان و  بە هێنانەوەی نمونەی مێژوویی ئەوەی خستەڕوو کە جەستەی ژن لە شەڕدا چۆن وەک ئامرازێک بەکاردەهێندرێت. ئەلیف کایا وتی، "رووداوەکانی ساڵی ١٩٣٨ لە دێرسیم و ساڵی ٢٠١٥ کە بەسەر گەریلا ئەکین واندا هات، دەریدەخات کە جەستەی ژن بۆ ئافراندنی ترس و قووڵکردنەوەی مێشکی قڕکردن چۆن بە کاردەهێندرێت".

قڕکردنی ئیکۆلۆژیک و قڕکردنی کولتوری

ئەندامی جوڵانەوەی ئیکۆلۆژی میزۆپۆتامیا نەجمەدین تورکیش ئەوەی خستەڕوو کە لەناوبردنی ئیکۆسیستم هێرشێکە بۆ سەر هەبوونی کولتوری گەلی کورد و وتی، "سیاسەتی دەوڵەتانی کۆلۆنیالیستی لە کوردستان بۆ لەناوبردنی ئیکۆسیستم، وەک ئامرازێک بۆ قڕکردنی کولتوری بەکاردەهێندرێت. پرۆژەی گاپ و پرۆژەکانی بەنداوەکان نەک هەر ژینگە و سروشت لەناودەبەن، بەڵکوو هێرشێکن لە سەر کولتور و ژیانی گەل".

تورک دەستنیشانی کرد کە قڕکردنی ئیکۆلۆژیک دەبێت وەک تاوانێک لە دژی مرۆڤایەتی بناسرێت و وتی، "ئەوە نەک هەر کاولکردنی ژینگەیە، لە هەمان کاتدا گۆڕدراوە بۆ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ کە ژێرخان و بناغەی کۆمەڵایەتی و کولتوری هەرێمەکە لەناودەبات".

کۆچی رۆشنبیران و دەستەبژێران و قڕکردن

د. لەتیفە ئاکیوز سەرنجی بۆ سەر کاریگەری کۆچی دەستەبژێر و رۆشنبیران لە تورکیا لەسەر کۆمەڵگا راکێشا و وتی، "سیاسەتی سەرەڕۆیانە و دیکتاتۆریانەی دوای ساڵی ٢٠١٦ لە تورکیا، ژمارەیەکی زۆر لە رۆشنبیران و دەستەبژێرانی وەک ئەکادیمیەکان و ئاشتیخوازانی ناچار بە کۆچبەربوون کردووە. ئەو دۆخە تەنیا کۆچی کەسی و تاکەکان نییە، لە هەمان کاتدا بە واتای لەناوبردنی بیر و هۆشی کۆمەڵایەتی و کولتورییە".

ئاکیوز هێمای بۆ ئەوەکرد کە ئەو قۆناغە وەک 'قڕکردنی کۆمەڵایەتی' دەتوانێت پێناسە بکرێت و وتی، "دوورخستنەوەی ئەکادیمیەکان و دەستەبژێران بۆ لەناوبردنی ئەزمونی مێژوویی و وشیاری و یادگەی کۆمەڵایەتیە".