کۆنفرانسی ئاشتی و دێموکراسی : ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان گۆشەگیریی ئیمرالی پشتگوێ دەخەن

لە سێیەمین دانیشتنی کۆنفرانسەکە لە بەرلین پانێلێک لە ژێر ناونیشانی، "گۆشەگیری و دابڕان لە ئیمرالی" بەڕێوەچوو. لە دانیشتنەکەدا ئەرەن کەسکین هاوسەرۆکی ئیهەدە وتی: "دەوڵەتی تورکیا یاسای ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە ئیمرالی پشتگوێ دەخات.

کۆنفرانسی ئاشتی و دێموکراسی

کۆنفرانسی ئاشتی و دیموکراسی کە لە بەرلینی ئاڵمانیا لە پانێڵێک بە ناونیشانی، "گۆشەگیری و دابڕان لە ئیمرالی" بەردەوام بوو. دانیشتنەکە بە پێشەنگایەتی ڕۆژنامەنووس هایکۆ باگدات دەستی پێکرد و قسەی لەگەڵ پارێزەرانی چەنگیز یوریکلی لە نوسینگەی یاسایی سەدە و ئەرەن کەسکین هاوسەرۆکی ئیهەدە و وەزیری دادی پێشووی ئیسلەند، ئۆگموندور جۆناسۆن کرد.

'دەوڵەتی تورک پێشنیارەکان لەبەرچاو ناگرێت'

پارێزەر چەنگیز یورەکلی لە پانێلەکەدا قسەی کرد و وتی: "لە یەکەم ڕۆژی دەستگیرکردنیەوە کردەوەی نایاسایی دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیمرالی دەستی پێکردووە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە. یورەکلی ئاماژەی بەوەشدا کە یەکەمجار ئۆهال لە ٢٠ی تەمووزی ٢٠١٦ لە ئیمرالی جێبەجێکرا و وتی: "لە ئیمرالی بە گۆڕانکاری و سنودارکردنی گرنگ شەرعیەتیان بە کارەکانیاند بە تایبەتی دۆخێکی رەهای گۆشەگیریان بەسەر عەبدوڵا ئۆجالاندا سەپاند. ئەم مەرجانە مافی عەبدوڵا ئۆجالانی لە چاوپێکەوتن لەگەڵ زیندانیانی دیکە، بنەماڵەو پارێزەرانی لێدەستێنێ. هەروەها قەدەغەکردنەکانیان لەسەری زیاد کردووە. دەستبەسەرداگرتنی مافەکانی مرۆڤ بەسەر زیندانیانی تردا سەپێنراوە. هەروەها سنووردارکردنی بارودۆخی جەستەیی و دەروونی لە ڕاپۆرتەکانی سی پی تی ئاشکرا کراوە، لە ڕاستیدا هاتووچۆی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان سنووردار کراوە، بۆ نموونە شوێنەکەی زۆر ئاڵوگۆڕی هەوای تێدا ناکرێ و خۆری بەرناکەوێت. لە ڕاپۆرتەکانی سی پی تی دا هاتووە کە زیندانیان مافی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و پەیوەندی زیاتریان لەگەڵ دنیای دەرەوە ببێت. بەڵام دەسەڵات بە هیچ شێوەیەک ئەم مافانە لەبەرچاو نەگرێت."

ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان گۆشەگیریی ئیمرالی پشتگوێ دەخەن

هەروەها ئەرەن کەسکین، هاوسەرۆکی ئیهەدە لە ڕێگەی سکایپەوە بەشداری پانێڵەکەی کرد و وتی: "سیاسەتی گۆشەگیریی لە ئیمرالی لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان گرێدراوە بەمەسەلەی کوردەوە و وتی، ئەو کردەوانەی ئەم دواییەی دەوڵەتی تورک بەرامبەر بە ڕۆژئاوا دەگەڕێتەوە بۆ دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوا و ئاماژەی بەوەدا کە دەوڵەت نەک هەر عەبدوڵا ئۆجالان بەڵکو لە هەوڵی ئەوەدایە هەموو کوردێک بە سیاسەتی گۆشەگیری بکاتە ئامانج.

ئەرەن کەسکین لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە مەسەلەی کورد پێش کۆمار بوونی هەبووە و بەردەوامە و ڕایگەیاند کە دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوا بووە بە سیاسەتی گوشاری دەوڵەتی تورک، کەسکین جەختی لەوەشکردەوە کە هێرشە جەستەییەکانی دەوڵەت لە ساڵانی نەوەدەوە هاتا ئەمڕۆ لە دژی ئازادی ڕادەربڕین بووە و بەردەوامە.

لە میانەی قسەکانیدا ئەرەن کەسکین هاوسەرۆکی ئیهەدە ڕەخنەی لە ئاستەنگیەکان لە کاتی سەردان بۆ ئیمرالی و پێشێلکردنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان لەلایەن تورکیاوە گرت و ئاماژەی بەوەدا کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئەم دۆخە پشتگوێ دەخەن و ئاماژەی بەوەدا کە ئەو گوشارانە لەسەر سیاسەتی کورد دەکرێت، لە گۆشەگیریی ئیمرالی جیا نییە و گرێدراوی یەکن."

'گۆشەگیری ئیمرالی قبوڵکراو نییە'

هەروەها وەزیری پێشووی دادی ئیسلەند ئۆگمۆندور جۆناسۆن، ڕایگەیاند، عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرێکی بەناوبانگی جیهانییە و وتی: "٦جاران ئەندامی شاندی ئیمرالی بووە و تێکۆشان بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان دەکات.

ئۆگمۆندور ڕوونیکردەوە کە دەوڵەتی تورک ئاشتی ناوێت، ئاشتی بە مەرج و تەسلیم بوون دەبینێت و ئاماژەی بەوەشکرد، ماوەی ٣ساڵ و نیوە هیچ زانیارییەک لە عەبدوڵا ئۆجالان نەهاتووتە دەرەوە و دوا پەیامیشی لە ساڵی ٢٠١٩دا گەیشتووە. ئۆگمۆندور بە بیری هێنایەوە کە لەم پەیامەی عەبدوڵا ئۆجالاندا پێشکەوتن هەبوو و داواکاری دیموکراتیکی خستەڕوو. ئۆگمۆندور ئاماژەی بەوەشکرد، پەیامی ئاشتی عەبدوڵا ئۆجالان لە نەورۆزی٢٠١٣دا کاریگەرییەکی گەورەی لێکەوتەوە، بەڵام دواتر لە ساڵی ٢٠١٥ دەرگاکانی ئیمرالی داخران و ئەنقەرە لە پرۆسەکە کێشایەوە.

ئۆگمۆندور لەکۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بە شەڕ و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی دەوڵەت لە١٥ی تەمووزی ٢٠١٦دا کرد و وتی: "لە هێرشەکانی ئەو کاتەدا کورد بوونە قوربانی و شارە کوردییەکان کرانە ناوچەی شەڕ و ئاماژەی بەوەدا، بە هیچ شێوەیەک گۆشەگیریی ئیمرالی قبوڵکراو نییە و پێویستە هەنگاوی خێرا بنرێت. ئۆگمۆندور ئاماژەی بەوەشکرد، دەوڵەتی تورک سەرەڕای داواکارییەکانی سی پی تی داوای دیداری بنەماڵە و پارێزەران ڕەت دەکاتەوە و تەنانەت مافی تەلەفۆنیشیان پێنادات.