کۆنفیدراسیۆنی کرێکارانی سی جی تی و سی ئای: ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان

کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکان و کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی گشتیی کرێکارانی کاتالۆنیا رایانگەیاند کە ئەگەر ئەو مرۆڤانەی بۆ جیهانێکی باشتر تێدەکۆشن بە دیل بگیرێن، نابێت لە بەرامبەردا بێدەنگ بن و پشتیوانی خۆیان بۆ هەڵمەتی ئازادی دووپاتکردەوە.

یەک لە کۆنفیدراسیۆنە گەورەکانی کرێکاران لە ئیسپانیا کۆنفیدراسیۆنی نێوان سەندیکاکان (سی ئای) لە یەکەم ساڵیادی هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری بۆ پرسی کورد' لە سەر ماڵەپەڕەکەی بە ناونیشانی "دوای ساڵێک ئێمە بەهەمان جۆر پێداگرین: ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەریی سیاسی بۆ پرسی کورد" راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بە راگەیاندنی کەمپینی ئازادیی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەریی سیاسی بۆ پرسی کورد دراوە کە ساڵی رابردوو لە ساڵیادی دەستپێکردنی پیلانگێریی نێونەتەوەیی دژی رێبەری گەلی کورد راگەیەندرابوو و هەروەها باس لەوەکراوە، کە "ئۆجالان بە بێ رەچاوکردنی مافەکانی دادگاییکرا و سەرەتا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و دواتر سزاکە گۆڕدرا بۆ زیندانی هەتاهەتایی و بە شێوەیەکی رەها لە دوورگەی ئیمراڵی گۆشەگیری بەسەردا سەپێندرا و لە ساڵی ٢٠٢١ەوە بنەماڵە و پارێزەرانی نەیانتوانیوە چاویان پێی بکەوێت و نەیانتوانیوە هیچ پەیوەندییەکی پێوە بکەن".

لەدرێژەدا هاتووە، کە لە یەکەم ساڵیادی هەڵمەتی نێونەتەوەیی ئازادیدا بەڵێنیان بۆ شەرمەزارکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە تورکیا دوپات دەکەنەوە و جەختی کردووەتەوە، کە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی گەلی کورد لە ناو سنوورەکانی تورکیا ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و ئەنجامدانی دانوستان پێویستە و عەبدوڵا ئۆجالانیش لە چارەسەری پرسی کورددا رۆڵی یەکلاکەرەوەی دەبێت.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "پشتیوانی لە تێکۆشانی گەلی کورد، ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری پرسی گەلی کورد دەکەن.

Un año después, seguimos insistiendo: Libertad para A. Ocalan. Por una solución política a las demandas del pueblo kurdo – Confederación Intersindical

سی جی تی: ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، لە پێناو جیهانێکی باشتر

کۆنفیدراسیۆنی گشتیی کرێکارانی کاتالۆنیا (سی جی تی) لە راگەیەندراوێکدا پشتیوانی خۆی بۆ هەڵمەتی ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسیی پرسی کورد دووبارەکردووەتەوە تەئکیدی لەوەکردووەتەوە کە ئامانجی پیلانگێڕی و گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ رێگریی بووە لە بڵاوبوونەوەی ئەندێشەکانی لە دژی دەووڵەت، باوکسالاری و سەرمایەداری.

هەروەک راشیگەیاندووە، ئازادی ژنان، ئیکۆلۆژی و خۆبەڕێوەبەری کۆڵەکەکانی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکن. ئەندێشە و رامانەکانی بزوتنەوەی رزگاری گەلی کورد لە دژی رێکخستنە دیکتاتۆرییەکانی نەتەوە دەوڵەتن و ئەوەش بە مەترسیەک بۆ سەر دەوڵەتانی تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا دادەنرێت.

لە کۆتاییشدا رایگەیاندووە، "ئێمە دەمانەوێت ئۆجالان ئازاد بکرێت، لەبەر ئەوەی وەک سەندیکاکان لە بەرامبەر زیندانی کردنی ئەو کەسانەی لە پێناو جیهانێکی باشتر تێدەکۆشن، ناکڕێت بێدەنگ بین. لەبەر ئەوەی هاورێیانی شۆڕشی رۆژئاوا لە دەرەوەی دیکتاتۆری سەرمایە و نەتەوە دەوڵەت خۆیان رێکخستووە و نمونەی تێکۆشانێکن کە هیوای نوێ بە بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان لە سەرتاسەری جیهان دەبەخشن.

ئازادی بۆ ئۆجالان، چارەسەری بۆ پرسی کورد".

Solució política pel Kurdistan! – CGT Catalunya