کەنەکە: دەوڵەتی تورک کورد دەکوژێت و جیهانیش بێدەنگە

کۆنسەی بەڕێوبەری کەنەکە داوای لە دامەزراوە ناونەتەوەییەکان و گەلانی ناوچەکە کرد کە بە شێوەیەکی توند لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکدا بوەستنەوە و کۆتایی بەم بێدەنگییە بهێنن.

کۆنسەی بەڕێوبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. کەنەکە بێدەنگی دامەزراوە ناونەتەوەییەکانی شەرمەزار کرد و داوای کرد کە خاوەنداریی بکەن لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

ڕاگەیەندراوەکەی کەنەکە بەم شێوەیەیە:

"دەوڵەتی تورک بە هەموو جۆرە چەکێک هێرش دەکاتە سەر نەخۆشخانە، قوتابخانە، مزگەوت، کارگەی خزمەتگوزاری، کۆگای دانەوێڵە، وێستگە نەوتییەکان، وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانە خزمەتگوزارییەکانی ڕۆژئاوا. خەڵکی مەدەنی و گەلی ناوچەکە دەکاتە ئامانج.

دەبێت هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕابگیرێت و شەرمەزار بکرێت. لەم ڕۆژانەدا کە هەموو جیهان سەرقاڵی ئاهەنگی جەژنی کریسمسن، دەوڵەتی تورک جارێکی تر بە فڕۆکەی جەنگی، تۆپ و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە شێوەیەکی هەمەلایەنە هێرش دەکاتە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

خەڵکی مەدەنی گیانیان لە دەست داوە

ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە کۆبانی دەست پێدەکات تا دەگاتە تربەسپی و تەواوی ڕۆژئاوای کوردستان. هەموو ژێرخانە خزمەتگوزارییەکان، ئابووری، سووتەمەنی و کۆمەلایەتییەکان دەکرێنە ئامانج. لەو هێرشانەدا ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون. لەم هێرشانەدا وێستگەی شەمەندەفەری قامشلۆ، خەیاتی، چاپخانە، کۆمپانیاکانی کەرەستەی بیناسازی و کارگەکان کراونەتە ئامانج.

جیهان لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا بێدەنگە

ئێمە باش دەزانین کە ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، لەناوبردنی کۆمەڵگای ڕۆژئاوای کوردستان و لەناوبردنی کۆمەڵگای مەدەنی و داگیرکردنی ناوچەکەیە. ئەم هێرشانە بە هەموو شێوەیەک لە دژی یاسا و ڕێککەوتنە ناونەتەوەییەکانن و بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نین. سەرەرای ئەوەش هاوپەیمانی نێودەولەتی دژ بە تیرۆر، دامەزراوەکان و دەوڵەتەکان لە بەرامبەر ئەم هێرشانەی دەوڵەتی داگیرکەردا بێدەنگن. لەسەر ئاستی ناونەتەوەیشدا بێدەنگییەکی قوڵ هەیە و تا ئێستا هیچ هەڵوێستێک نیشان نەدراوە. جیهان کە لە دژی هێرشەکەی غەززەدا بە هەموو شێوەیەک دەنگی خۆی بەرز دەکاتەوە و هەڵوێست نیشان دەدات، بەداخەوە لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکدا بێدەنگە. بێدەنگی و بێهەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجومەنی ئەوروپا، ناتۆ، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و دامودەزگاکانی پاراستنی مافی مرۆڤ بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت و ئەم بێدەنگییە جێگای شەرمەزارییە.

داواکاری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە دامەزراوە ناونەتەوەییەکان و گەلی کوردستان ئەوەیە کە، بە شێوەیەکی توند لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکدا بوەستنەوە و کۆتایی بە بێدەنگیی بهێنن. دەبێت گەلی کوردستان لە هەر چوار پارچە و لە سەرتا سەری جیهاندا خاوەنداری لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەن و پەرە بە بەرخۆدانێکی مێژوویی بدەن. کەنەکە داوا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە ئەرکی خۆیان ئەنجام بدەن و دەستبەجێ ڕێگری لە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بکەن".