پاڕادایمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ئازادیخوازی ژنان و ئیکۆلۆژیکی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە ٢٥ ساڵە لە زیندانی ئیمراڵیدایە و نزیکەی ٣٣ مانگە هیچ هەواڵێکی نازانرێت، بە ناو گەلانی جیهاندا بڵاوبووەتەوە. بزوتنەوەی هێزی گەلی ئیتالیا یەک لەو بزوتنەوانەیە کە لە گەڕان و پەیجورییەکانیدا بەدوای رزگاربوون لە قەیرانەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری پاڕادایمی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە بنەما دەگرێت.
لە نێوان ١٧-١٩ی تشرینی دووەم/نۆڤەمبر لە شاری باسەلی سویسرا لەلایەن ئەکادیمیای مۆدێرنیتەی دیموکراتیکەوە بە ناونیشانی "هونەری ئازادی- بە رێکخستنبوون و ستراتیژەکانی بەرخودانی پێکەوەیی و هەرەوەزی" کۆنفڕانسێک سازکرا. نوێنەرانی چەندین بزوتنەوەی ئەوروپی، ئەفریقی، ئەمریکای لاتین و ئاسیا و نزیکەی ٢٠٠ کەس لە گەلانی جیاجیاوە بەشدارییان لە کۆنفڕانسەکەدا کرد.
لە کۆنفڕانسەکەدا قەیرانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، رێگەکانی چارەسەری قەیرانەکان و پێرسپێکتیڤەکانی چارەسەری خرانە بەرباس. هەروەها لەسەر پڕکردنەوەی بۆشایی و مەودای نێوان بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان لە کیشوەرە جیاجیاکان، بەرفراوانکردنی پێرسپێکتیڤی هاوبەش و هێڵە ستراتیژیکەکانی بەرخودانی گفتوگۆکران. گرنگی پاڕادایمی دیموکراتیک، ئازادیخوازی ژنان و ئیکۆلۆژیکی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان بوو.
سەبارەت بە کۆنفڕانسی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک، گرنگی پاڕادایمی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ گەلان، هەلومەرجی گۆشەگیری لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هەڵمەتی "ئازادی بۆ ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" لەگەڵ نوێنەری بزوتنەوەی هێزی گەلی ئیتالیا ماریزیۆ کۆپالا کە بەشداری کۆنفڕانسەکەی کردبوو، گفتوگۆمان ئەنجامدا.
'پاڕادایمی عەبدوڵا ئۆجالان سەرچاوەی ئیلهام و ورەیە بۆ ئێمە'
کۆپالا رایگەیاند، پاڕادایمی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە چەقی گفتوگۆکانی کۆنفڕانسەکەدابوو و بەم جۆرە دوا، "ئێمە لەناو خۆماندا نوسراوەکانی عەبدوڵا ئۆجالانمان خوێندەوە، کە بە زمانە جیاجیاکان وەرگێڕدرابوون. نوسینەکانی عەبدوڵا ئۆجالان و پاڕادایمەکەی بۆ ئێمە سەرچاوەی ئیلهامە. ئیلهامێکە کە سەرچاوەکەی لە تێکۆشانی رزگاری گەلی کورد لە دژی گوشارە کۆلۆنیالیستی و ئیمپریالیستیەکانەوە وەردەگرێت".
ماریزیۆ کۆپالا بەم جۆرە بەردەوام بوو، "دەزانین کە ئەستەمە ئەندێشەیەک کە لە خاکی کوردستان گەشەی کردووە دەقاودەق کۆپی بکەین و بە تێگەیشتنی خۆمانیەوە ببەستینەوە، ئەندێشەکانی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئێمە سەرچاوەی ئیلهام وەرگرتنن. ئێمە لەسایەی ئەندێشەکانی ئەوەوە فێردەبین هزری خۆمان نوێ بکەینەوە. بەڵام هەموو کات گرنگیشە کە نزیکایەتیەکی رەخنەگرانەش پەسەند بکەین. ئایا ئاسانە بە تەواوەتی پاڕادایمی عەبدوڵا ئۆجالان بە بنەما نگرن و لە ئیتالیا جێبەجێی بکەن؟ لەو بڕوایەداین کە ئەوە ئەستەمە. بەڵام پاڕادایمی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ بەرەوپێشبردنی ئایدۆلۆژیا و پراتیکی ئێمە سەرچاوەیەکی بنچینەیی ئیلهامە".
'پاراستنی ئازادی ئۆجالان بۆ ئێمە بنەمایە'
ماریزیۆ کۆپالا سەبارەت بە هەڵمەتی ئازادی بۆ ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد کە لە ١٠ی تشرینی یەکەم/ ئۆکتۆبەر لە ٧٤ ناوەندی لەسەرتاسەری جیهانی دەستیپێکرد، بەم جۆرە دووا: "هەڵمەتی ئازادی کە لەپێناو عەبدوڵا ئۆجالاندا دەستیپێکردووە، زۆر گرنگە. ئەگەر ئێوە بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤ بن و بتانەوێت کە ناو کۆمەڵگادا روانگەی جیاجیا بوونی هەبێت، ئێوە ناتوانن قەبوڵی بکەن کە کەسێک بە هۆی تێکۆشانی ئازادییەوە لە زینداندا بێت. ئەوە دۆخێکی دژە دیموکراسیە. هەربۆیە داکۆکی لە دیموکراسی و داواکردنی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان بەلای ئێمەوە بنەما و پڕەنسیپە".
کۆپالا ئەوەشی خستەڕوو، کە هەڵمەتی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئەوان و بزوتنەوەکەشیان لە ئیتالیا گرنگە، چونکە دەوڵەتەکەیان پەیوەندی توندوتۆڵی لەگەڵ تورکیا و رژێمی ئەردۆغان هەیە. پەیوەندی سەربازییان هەیە، ئیتالیا چەک بە تورکیا دەفرۆشێت و ئەو چەکانە لە شەڕی دژ بە گەلی کورد بەکاردەهێندرێن. پەیوەندی دیپلۆماتیک لە نێوان ئیتالیا و تورکیادا هەیە. یەکێتی ئەوروپا کە ئیتالیاش تیایدا ئەندامە، پارە دەداتە تورکیا بۆ ئەوەی پەنابەران لەو وڵاتە بمێننەوە و نەچنە ئەروپا. ئەوە دۆخێکی نادیموکراتیکە، نامرۆڤانەیە. لەبەر ئەوە دوژمنێکی هاوبەشمان هەیە و بەرەنگاربوونەوەشی پێویستی بە تێکۆشان بە شێوەی جیاجیایە. هەربۆیە پشتیوانیمان بۆ هەڵمەتی ئازادی بۆ ئۆجالان بەشێک لەو تێکۆشانە هاوبەشەمانە و هەوڵ دەدەین کۆمەڵگەی ئیتالیا و ئەوروپا لەو هەڵمەتەدا بەشداری پێبکەین".
'دەبێت ئەوروپا لەپێناو ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان بکەوێتە جموجۆڵەوە'
کۆپالا ئەوەی خستەڕوو کە دەبێت دەوڵەتانی ئەوروپا بە تایبەتی ئیتالیا لەپێناو ئازادی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بکەونەخۆ و وتی، "ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان دەبێتە مایەی چەپساندنی دیموکراسی لە تورکیا. ئەگەر عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت بزوتنەوەکانی کورد دەتوانن بە شێوەیەکی ئازادانە گوزارشت لە خۆیان بکەن. ئەمەش دیموکراسی و ئازادی بەدواوەوە دەبێت. هەربۆیە پێویستە ئەوروپا کە خۆی وەک بەرگریکاری دیموکراسی دەناسێنێت، لەپێناو ئازادی عەبدووڵا ئۆجالاندا تێبکۆشێت".
هـ . ب