وەزارەتی تەندروستی بەنگلادیش ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ هەزار حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی خوێنبەربوون دەستنیشانکراون و هەزار و ٦ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی بەنگلادیش، لە ئێستادا نەخۆشییەکی دیکەی ھاوشێوەی تای خوێنبەربوون لەو وڵاتەدا بوونی نییە.
پێشتر لە بەنگلادیش ڤایرۆسی خوێنبەربوون نەخۆشییەکی وەرزی بوو، بەڵام لە یەکەم بڵاوبوونەوەی لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمتر و شێدارتربوونی، ڕێژەی تووشبوون بەو پەتایە زیاتر بووە.
بەرپرسانی تەندروستی بەنگلادیش ئەوەشیان خستووەتەڕوو، لەماوەی ٢ مانگی ڕابردوودا، ڕۆژانە نزیکەی ٢٠ کەس بەهۆی ڤایرۆسی خوێنبەربوون گیانیان لەدەستدەدەن و ژمارەی گیانلەدەستدانیش لەمساڵدا بە بەراورد بە ٢٢ ساڵی ڕابردوو زۆر زیاترە.
ئەوەشیان خستووەتەڕوو، ئەو شەپۆلەی تای خوێنبەربوون کە لە ئێستادا وڵاتەکەی بە بێ ئامادەکاری گرتووە و بەهۆی جۆرێکی بەهێزتری ڤایرۆسەکەوەیە، زۆر خێراتر لە ساڵانی ڕابردوو بڵاودەبێتەوە.
لەو چوارچێوەیەشدا هەڵمەتەکانی هۆشیاری گشتی بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەو پەتایە لە بەنگلادیش دەستیپێکردووە.