لە هێرش بۆ سەر بەیت لاهیا نزیکەی ١٠٠ فەلەستینی گیانیان لە دەستدا

بەرگری شارستانی غەززە ڕایگەیاند، ئیسرائیل هێرشی کردوەتە سەر باڵەخانەیەک لە بەیت لاهیای باکووری فەلەستین و لە ئەنجامدا نزیکەی ١٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە.

بەرگری شارستانی ڕاشیگەیاند، هێرشەکە لە کاتەکانی بەیانیدا کراوە، تیایدا ٩٣ کەس کوژراون نزیکەی ٤٠ کەسیش بوون بە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکەوە. زۆربەی قوربانییەکان ژن و منداڵن و چاودێری پزیشکی و نەخۆشخانەکان بەشی بریندارەکان ناکات.

دوای هێرشەکەی سەر بەیت لاهیا حەماس لێدوانیدا و ڕایگەیاند: "دووژمن دژ بە گەلی ئێمە کۆمەڵکوژییەکی دیکەی دڕندانەی ئەنجامدا، لە باکووری غەززە هەوڵی قڕکردنی نەژادی و ئاوارە و بێ ماڵ و حاڵکردنی گەل دەدات."

سووپای ئیسرائیل لە ٦ تشرینی یەکەمەوە تاکو ئێستا لە باکووری غەززە، بە تایبەت لە ناوچەکانی جبالیە، بەیت لاهیا و بەیت حانون، ئۆپەراسیۆنی زەمینی و ئاسمانی  ئەنجام دەدات.

سووپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە لە هێرشە زەمینی و ئاسمانییەکانیدا بۆ سەر جبالیە نزیکەی ٤٠ چەکداری حەماسی کووشتووە.