لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا لە عێراق: پێنج کەس کوژران

لە دوو هەرێمی باشووری بەغدا، لە هێرشی ئاسمانی ئەمریکا 5 چەکدار کە بە گرووپە لایەنگرەکانی ئێران پێناسە کراون، کوژراون.

بەرپرسێکی ئاسایشی عێراقی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕایگەیاندووە، لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە ناوچەی کورف ئەلساکرێ ٥ کەس لە لیواکانی حزبوڵا کوژران.

ڕاگەیەندراوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە هێرشەکە ئەنجامدراوە. بەرپرسێکی حەشدی شەعبی کە سەربە سوپای عێراقە، هەمان زانیاری بۆ ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە.

ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو نزیک بەغدا هێرش کرایە سەر ئۆتۆمبێلێکی سەر بە گروپی چەکدارانی حەشدی شەعبی. دەزگا ئەمنییەکان ڕایانگەیاندووە کە "چەند کەسێک کوژراون."

هێرشەکە لە کاتێکدایە کە بارودۆخێکی ئاڵۆز ناوچەکەکەی گرتووتەوە. لە ٧ی تشرینی یەکەم کە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەستیپێکردووە، بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش دەکرێتە سەر هێزەکانی ئەمریکا.

بەگشتی ئەو گرووپە چەکدارانەی بەناو 'بزووتنەوەی بەرخۆدانی ئیسلامی عێراق' بەرپرسیاری هێرشەکانی عێراق و باشووری کوردستان و سووریا لە ئەستۆ دەگرن.

بە گوێرەی بەرپرسانی سەربازی ئەمەریکا، لە مانگی تشرینی یەکەمەوە، لانیکەم 66 جار لە عێراق و سوریا هێرشیان کراوەتە سەر و 62 کارمەندی ئەمریکی بە سوکی بریندار بوونە.