لە هێرشێکی چەکداریدا لە پەنجابی پاکستان ٣٩ کەس کوژران

ئاماری قوربانییەکانی هێرشە چەکدارییەکەی هەرێمی پەنجاب لە باشووری ڕۆژئاوای پاکستان زیاتر دەبێت و سوپای ڕزگای بلوچستان بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکان ڕاگەیاند.

هێرشەکان ڕۆژی دووشەممە بە لایەنی کەمەوە لە ٣ ناوچەی پارێزگای بەلوچستان ئەنجام دراوە.

وتەبێژی حکومەتی بلوچستان شاهید ڕند بە ئاژانسی فرانس پرێنسی ڕاگەیاندووە کە هێرشەکان بە شێوەی هەماهەنگی لە لایەن سوپای ڕزگاری بلوچستان (بلا)وە ئەنجام دراوە و لە هێرشەکاندا بەلایەنی کەمەوە ٣٩ کەس کوژراون.

هەر لە بارەی هێرشەکەوە بەرپرسی خۆجێی نەجیوبەڵا کاکار بەهەمان ئاژانسی ڕاگەیاندووە لە هەرێمی موساخایلێی ٣٠ بۆ 40 چەکدار لەسەر ڕێگەی پەنجابی بلوچستان هێرشییان کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوەی هاوڵاتیان و سەرنشینانی ئەو ئۆتۆمبێلانە کوژراون.

دوابەداوی هێرشەکان، سوپای ڕزگای بلوچستان بە ڕاگەیاندراوێک ئاماژەی بەوەداوە لەسەر ڕێگاکانی بلوچستان دەستییان بە ئۆپراسیۆن کردووە و گورزییان لە هێزەکانی ئاسایشی پاکستان وەشاندووە.

ئەو گرووپە چەکدار ئاماژەی بەوەشداوە؛ تێکۆشانیان لەدژی سوپای پاکستانە.

بلوچستان کە هاوسنورە لەگەڵ ئەفغانستان و ئێراندا وێڕای ئەوەی لە ڕووی سەرچاوەی سروشتییەوە یەكێکە لە هەرێمە دەوڵەمەندەکان، بەڵام یەكێکە لە پارێزگا هەژارەکانی ئەو وڵاتە.

بەرهەڵستکارانی بلوچستان خوازیاری سەربەخۆیی ناوچەکەیانن و دەیانەوێت سەرچاوەکانی کانزا و گازی ئەو هەرێمە کۆنترۆڵ بکەن.