لە هێرشی ئیسرائیلدا بەرپرسێکی حزبوڵا کوژرا

ڕاگەیاندرا، ڕۆژی هەینی لە هێرشێکدا بۆ سەر ئۆتۆمبیلەکەی لە باشووری لوبنان،"بەرپرسێکی سەرەکی" حزبوڵای لوبنان کوژراوە.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند بەرپرسی یەکەی موشەکی حزبوڵای لوبنانی کوشتووە.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوی سوپای ئیسرائیل "فڕۆکەیەکی هێزەکانی ئاسمانی ئیسرائیل ڕۆژی هەینی لە ناوچەی بازوریە جێگری فەرماندەی یەکەی موشەک و هاوەن، عەلی عەبدولحەسەن نەعیمی کردۆتە ئامانج، لە ئەنجامی هێرشەکەدا کوژراوە".

بانگەشەی ئەوە دەکرێت عەلی عەبدولحەسەن بەتایبەتی "بەرپرسی ڕێکخستن و پلاندانانە بۆ هێرشی سەر خەڵکی مەدەنی".

حزبوڵا دەربارەی هێرشەکە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەداوە، بەڵام ڕایگەیاندووە لەسەر سنووری نێوان ئیسرائیل و لوبنان بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیلیان گولەباران کردووە.  

بەپێی زانیارییە میدیاییەکان لە ٨ ی تشرینی یەکەمەوە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل لانی کەم ٢٦٣ ئەندامی حزبوڵا لە سوریا و لوبنان کوژراون.

ئەم بەیانییەش هێرشکرایە سەر کۆگایەکی موشەکی حزبوڵا لە نزیکی حەلەب، بەهۆیەوە لانی کەم ٨ ئەندامی حزبوڵا و ٣٦ سەربازی حکومەتی دیمەشق کوژران.