لە جنێڤ کۆنفڕانسی 'گۆشەگیری و چارەسەری سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست' بەڕێوەچوو

سەبارەت بە گۆشەگیری رەها لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەریی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە شاری جنێڤی سویسرا کۆنفڕانسێک سازکرا.

لە ژێرناوی "لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەری سیاسی: فەلەستین-کوردستان- ئینتفازە-سەرهەڵدان" بە پێشەنگایەتی ناوەندی کۆمەڵەی دیموکراتیکی کورد لە جنێڤ (نەجەدەکە-گە) و یەکێتی ژنانی کوردی سویسرا (یەژەکە-سە) لە هۆڵی ئامفی تیاترۆی زانکۆی کارکەری جنێڤ (Université ouvrière de Genève)کۆنفڕانسێک سازکرا.

پارتی شۆڕشگێڕی کۆمۆنیست و تۆڕی سەرهەڵدانی ئینترناسیۆناڵیست پاڵپشتی کۆنفڕانسەکەبوون. پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە ئایشە ئاجار باشاران، نوێنەری پارتی سۆڕشگێڕی کۆمۆنیست لوک رۆلی، لە کۆمیتەی پشتیوانی لە رۆژئاوا چالاکوان نادیانا و لە تۆڕی پشتیوانی لە فەلەستینیش نونەرێک وەک وتاربێژ بەشاربوو.

لە وتەیەکدا ئایشە ئاجار باشاران ئاماژەی بە پیلانگێڕی ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ لە دژی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و بەبیری هێنایەوە کە زیاتر لە ٢٥ ساڵە لە زیندانی ئیمرآڵی گۆشەگیری و سیستمی ئەشکەنجە هەیە.

ئەوەشی خستەڕوو کە ئەشکەنجەی گۆشەگیری لە ئیمراڵی لە ژێر کۆنترۆڵ و بە بەرچاوی دەوڵەتانی نێونەتەوەیی بەڕێوەدەچێت، ئەو ئەشکەنجەیە بەتەواوی وڵاتەکەدا بڵاوبووە. ئەوەشی خستەڕوو، لە رێگەی هێرشی داگیرکەرییەوە بۆ سەر کوردستان، سیاسەتی قڕکردنی گەلی کورد، زمانی کوردی، ژینگە، ژنان و منداڵانی کورد پەیڕە دەکرێت.

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئایشە ئاجار باشاران باسی لە هەڵمەتی نێونەتەوەیی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری دیموکراتیک بۆ پرسی کورد' کرد کە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣وە دەستیپێکراوە و لەو رووەوە جەختی کردەوە، کە پشتیوانی دۆستانی گەلی کورد ئینترناسیۆناڵیستەکان لەو هەڵمەتە گرنگە و رۆڵی لە سەرخستنیدا دەبێت.

لای خۆشیەوە لوک رۆڵی نوێنەری پارتی شۆڕشگێڕی کۆمۆنیست باسی لەوەکرد، کە سیستمی سەرمایەداری بە تایبەتی ناتۆ کە لەژێر کۆنترۆڵی ئەمریکادایە لەپێناو فراوانکردنی هەژموونی خۆی و ناوچەکانی ژێر کاریگەری خۆی، گەلان بەشەڕ دەدات.

وتیشی: ئەو هێرشانەی دەیان ساڵە دەوڵەتانی تورکیا و ئیسرائیل ئەنجامیان دەدەن، شەڕی جیهانی سێهەمە کە هێزەکانی سەرمایەداری لە دژی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی جیهان بەڕێوەی دەبەن.

رۆڵی هێمای بۆ ئەوەش کرد کە لە رێگەی شۆڕشی رۆژئاوای تێکۆشانی ئازادی کورد و تێکۆشانی گەلی فەلەستینەوە رۆحی بەرخودان لە دژی سیستمی سەرمایەداری ئافرێندراوە و وتی، "بەو تێکۆشانانە مافی دیاریکردنی چارەنوسی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مسۆگەر دەبێت و رێگەی کۆنفیدڕاڵیزمی کۆمەڵایەتی و دیموکراتیک دیاری دەکرێت کە ئەوەش رزگاری گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانە".

دوای وتەکانی لوک رۆڵی دووەم پانێلی کۆنفڕانسەکە دەستیپێکرد و تیایدا نوێنەرانی تۆڕی پشتیوانی لە رۆژئاوا و تۆڕی پشتیوانی لە فەلەستین وتەیان پێشکەش کرد.

دواتر لەبارەی هەڵمەتی نێونەتەوەیی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری پرسی کورد' گفتوگۆ و راگۆڕینەوە ئەنجامدرا و پاشانیش بەشداربووانی کۆنفڕانسەکە پۆستەرەکانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان بەرزکردەوە و بەم جۆرە کۆنفڕانسەکە کۆتایی هات.