لە کۆبوونەوەی یەکێتی ئەورپادا داوای یاسای نوێ کرا بۆ دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران

ڕۆژی پێنج شەممە یەکێتی ئەوروپا بە ئامادەبوونی ٢٧ وڵاتی ئەندام کۆبووەوە و داوایانکرد بۆ خێراترکردنی کاروباری دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران یاسای نوێ دەربچوێنرێت.

لە دواین کۆبوونەوەی یەکێتی ئەوروپادا وڵاتانی ئەندام ڕایانگەیاند؛ "ئەنجومەنی ئەوروپا بۆ خێراترکردنی کاروبارەکانی دیپۆرتکردن لە یەکێتی ئەوروپا داوای هەنگاوی یەکلایکەرەوە دەکات."

وڵاتانی ئەندام داوایان لە کۆمیسیۆنی ئەوروپا کردووە کە "پێشنیارە یاسایەکی نوێ" بخاتەڕوو.

ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمیسیۆن ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، کە هێشتا هیچ کاتێک بۆ پێشنیارێکی نوێی یاسایی دیاری نەکراوە. لە ماوەی ڕابردوودا وڵاتانی ئەندام باسیان لە پرسی ناردنی پەنابەران بۆ وڵاتانی سێیەم کردبوو، بەڵام ئەم پێشنیازە لە ڕاستیدا مشتومڕی لەسەر بوو.

پاکێجی کۆچ و پەنابەریی

یەکێتی ئەوروپا لە ژێر ناوی پاکێجی کۆچبەری و پەنابەرییدا کە لەمانگی گوڵاندا پەسەندکرا و بڕیارە لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٦دا کاریپێبکرێت، پێشبینی میکانیزمی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و هەماهەنگی بۆ کاروباری پەنابەری دەکات. ئەڵمانیا، فەرەنسا و ئیسپانیا دەڵێن کە پێویستە ئەم چاکسازییانە خێراتر بکرێن.