لە نیکۆسیا کۆنفرانسی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان'

لە چوارچێوەی هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ کێشەی کورد'، کە لەسەر ئاستی جیهاندا بەریوە دەچێت، لە نیکۆسیای پایتەختی قوبرس کۆنفرانسێک بەڕێوەچوو.

لە قوبرس کۆنفرانسێک بە ناوی 'قوبرس و کوردستان لە ژێر سایەی جەنگی جیهانی سێیەم' و 'سیاسەتی فاشیزمی تورکیا لە ئیسرائیل و بێدەنگی ئەوروپا' بەڕێوەچوو و بە سەدان کەس بەشدارییان کرد.

کۆنفرانسەکە لە نیکۆسیای پایتەخت بەڕێوەچوو و کەسانێکی زۆر لە پارێزەران، پەرلەمانتاران، نووسەران، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و گەلی قوبرس بەشداریان کرد.

لە هۆڵی کۆنفڕانسەکەدا وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و قارەمانی هاوبەشی گەلی کورد و قوبرسی تیۆفیلۆس جۆرجیادێس کە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە تیرۆرکرا، هەڵواسرابوون.

'پێکەوە دەتوانین دیوارەکانی ئیمرالی بڕۆخێنین'

ناوەندی کولتووری کورد تیۆفیلۆس و یەکێتی پارێزەرانی دیموکراسی قوبرس سەرپەرشتی کۆنفرانسەکەیان کرد و وتاری سەرەتایی لەلایەن پارێزەر ئفستاتیۆس ئفستاتیۆ پێشکەشکرا. ئفستاتیۆ وتی: "تاکە ڕێگا بۆ کۆتایی هێنان بە فاشیزم و داگیرکاری دەولەتی تورک بەرخۆدانی هاوبەشە و ئاماژەی بەوەدا کە چارەسەری کێشەی کورد و چارەسەری کێشەی قوبرس و ئازادی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان هەموو پەیوەندییان بەیەکترەوە هەیە.

هەروەها سیاسەتمەداری کورد لەزگین سەرحەد ئاماژەی بەوەکرد کە تۆڕێکی بەهێزی تێکۆشان لەگەڵ ئەم کۆنفرانسەدا دەستی پێکرد و وتی: "من باوەڕم وایە پێکەوە دەتوانین دیوارەکانی ئیمرالی بڕۆخێنین."

لە یەکەم دانیشتنی کۆنفرانسەکەدا ڕۆژنامەنووس و نووسەر سەفکان کۆبانێ، شارەزای ژیۆپۆلەتیکی ئینترناشناڵ کریستۆڤ ئیاکاوڤو و ئەلیکۆس مهالدێس قسەیان کرد.

گەریلا ژیانی بەگەل بەخشیەوە

مهالدێس باسی لە بەرخۆدانی مێژوویی ئازادیخوازانی کورد کرد و وتی: "گەریلا ژیانی بە گەلی کورد بەخشیەوە و بە شۆڕشی ڕۆژئاوا مایەی سودبەخشین بۆ جیهان."

مهالدێس ئاماژەی بەوەشکرد، عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەریکە کە دەتوانێت کاریگەری لە ئاشتی و ئارامی هەموو جیهان بکات و وتی: "داوای ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجالان تەنها داواکارییەکی مرۆڤی نییە، پێش هەموو شتێک داواکارییەکی سیاسییە و تەنها گرێدراوی گەلی کورد نییە."

مهالدێس ڕایگەیاند، سەرسامە بە گەلی کورد کە گیانی خۆیان لە پێناو مێژوو، نەتەوە، زمان، ناسنامە و هۆشیاری خۆیاندا بەخت دەکەن و وتی: تا فاشیزمی تورک بە تەواوی تێک نەچێت بەردەوامین لە خەبات وتێکۆشان، دەبێت وڵاتێک بە دوور لە داگیرکاری دەوڵەتی تورک بۆ منداڵەکانمان دروست بکەین.

'ڕێبەر ئاپۆ  تاکە ڕێبەرە کە دەتوانێت لە ڕۆهەڵاتی ناوەڕاستدا چارەسەری بەدیبهێنێت'

لە کۆنفرانسەکەدا ڕۆژنامەوان و نوسەر سەفکان کۆبانێ وتەیەکی پێشکەش کرد و لە قسەکانیدا ئاماژەی بە گرنگی پارادایمەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە چارەسەر کێشەکانی ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاستدا کرد و وتی: "پارادایمەکانی ڕێبەر ئاپۆ کۆتایی بە نەتەوەپەرسی و نەژاد پەرستی دێنێت. لە پارادایمی ڕێبەر ئاپۆدا دەوڵەت-نەتەوە کە سەرچاوەی قەیرانەکانە جێگەی نابێتەوە. هۆکاری گۆشەگیرکردنیشی دژوەستانەوەیە بەرامبەر ئەو عەقڵیەتە. خۆسەری ڕۆژئاوا نمونەی کۆنکرێتی پارادایمەکانی ڕێبەر ئاپۆیە"

دواتر کریستۆڤ لاکاوڤو باسی لە هەوڵی هەژمونگەرایەنی هێزەنێونەتەوەییەکان کرد و ئاماژەی بەوەدا لە ڕێگەی تەیب ئەردۆغانەوە هەوڵی بڵاوکردنەوەی هەژمونگەرای دەدرێت و وتی: "دەوڵەتی تورک لە ئازادی کوردان دەترسن. گەر دەوڵەتی

تورکیا هەوڵێستی هاوکاری و چارەسەر پیشانبدات، ئەوا تاکە موخاتەب لەم قۆناغەدا پێویستە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بێت."

پێش دەستپێکردنی بەشی دووەمی سیمینارەکە سینەڤیزیۆنێک لەسەر ژیانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پیشاندرا.

ئەگەر داوای چارەسەر بکرایە ئێستا پارێزەران لە ئیمرالی دەبوون

لە پارێزەرانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئیبراهیم بیلمەز، لە ڕێگەی سکایپەوە بەشداری کۆنفرانسەکە بوو و وتی: "لەم دواییانەدا سەرۆکی مەهەپە کە پارتێکی نەتەوەپەرستە لە تورکیا، مەرحەبای داوەتە نوێنەرانی دەم پارتی لە پارلەمان و هەمووان باسیان لەوە کرد کە ئایا پرۆسەی چارەسەرکردن دەستپێدەکاتەوە یان نا. بەتایبەتی هەندێک ڕۆژنامەنووس لە میدیا جیانییەکان ئەم ئەم پرسیارەیان لێکردووم. هەندێک پێیان وایه دەوڵەتی تورک له گەڵ بەڕێز ئۆجالان کۆبوونەتەوه بەڵام دەمەوێت لێرەوە بڵێم. شتی وا بوونی نییە ئەگەر ئەو هەبووایە، ئێمە ئێستا وەک پارێزەرانی ئاگاداری هەموو شتێک دەبوین."

ناڕەزایەتی لە دژی گۆشەگیری ئیمرالی

ئەندامی ئەنجوومەنی پەرلەمانی ئەوروپا و پەرلەمانتاری سەربەخۆی قوبرس و هەروەها پارێزەر کۆستیس ئفستاتیۆ بەرامبەر سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک بەرامبەر ئیمرالی ڕەخنەی لە بێدەنگی ئەوروپا گرت.

دواتر پارێزەر دینۆس پاسپالیدس قسەی کرد و ڕایگەیاند کە دەبێت لە سەرئاستی نێونەتەوەییدا خاوەنداری لە تێکۆشانی گەلی کورد بکرێت."