لە پاریس ڕێپێوانی بە مەشخەڵ بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ

لە چوارچێوەی چالاکیەکەدا کە پیلانگێڕیی١٥ی شوباتی تێدا شەرمەزار کرا، بانگەوازی بۆ بەشداریکردن لە ڕێپێوانی گەورەی ١٥ی شوباتی ستراسبۆرگ کرا.

لە گەڕەکی مەلونی پاریسی پایتەختی فەرەنسا بە پێشەنگایەتی بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕ (تەجەشە) بۆ شەرمەزارکردنی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی  ١٥ی شوبات دژی ڕێبەر ئاپۆ، ڕێپێوانێکی بە مەشخەڵ بەڕێوەچوو.

چالاکییەکە لە بەردەم وێستگەی مەلونی دەستیپێکرد، ئەنجوومەنی گەلی کوردی ئێڤری پشتگری لە چالاکییەکە کرد، لە میانی ڕێپێوانەکەدا پانکارتی "هەزاران سڵاو لە ڕێبەر ئاپۆ" بەرزکرایەوە و یەکێک لە پەرلەمانتارانی پارتی چەپی مەلونی بەشداری ڕێپێوانەکەی کرد و ڕایگەیاند کە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پرۆسەی چارەسەری دەکەن.

گەنجان کە بە جۆش و حەماسەتەوە بەرەو گۆڕەپانی پلاس ڕێپێوانیان کرد، بۆ یادی کۆمەڵکوژی هاوڵاتیانی مەدەنی بەنداوی تشرین و شەهیدانی ئازادی کوردستان خولەکێک بێدەنگی ڕێز گیرا.

لەچالاکییەکەدا بە ناوی گەنجانەوە بەیاننامەیەک خۆێنرایەوە و ئاماژە بەوەکرابوو: "ئێمە گەنجانی ڕێبەر ئاپۆین چی ڕوودەدات با ڕووبدات ئێمە لە گەڵ ڕێبەرایەتیمانین". لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بەشداریی بەهێز لە پرۆسەکە دەستی ڕێبەر ئاپۆ بەهێز دەکات.

پاش بەیاننامەکە، گەنجان بانگەوازی بەشداربوونیان لە ڕێپێوانی گەورەی ستراسبۆرگ کرد کە لە ١٥ی شوباتدا بەڕێوەبچێت و جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە هەمووان لە ڕۆژێکی وەها گرنگدا بەشداری چالاکیی ستراسبۆرگ بن.

چالاکییەکە بە وتنەوەی دروشمی "بژی ڕێبەر ئاپۆ" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ" کۆتایی هات.