لە شەڕێکدا لە سۆمال ٦٦ کەس کوژران

لە وڵاتی سۆمال رۆژی سێشەممە لە نێوان هێزەکانی ئەلشەبات کە گروپێکی سەلەفین و هێزەکانی حکومەتی ئەو وڵاتەدا، شەڕێکی قوڕس روویدا و بە پێی زانیاریەکان ٦٦ کەس گیانیان لەدەستداوە.

بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ، لەو شەڕەدا ٥١ ئەندامی گروپی سەلەفی ئەلشەباب کوژراون، هاوکات ١٥ کەسیش لە خەڵکی مەدەنی و سەربازانی حکومەت کوژراون.

حکومەتی سۆمال رایگەیاندووە ٦ چەکداری ئەو گروپە سەلەفیەیان بە دیل گرتووە.

گروپی چەکداری لە ئەلشەباب کە سەر بە رێکخراوی ئەلقاعیدەیە، بە شێوەیەکی سیستماتیک لە دژی ناوەندە سەربازی و باڵەخانە حکومیەکان و هۆتێلەکان هێرشی چەکدار ئەنجام دەدات.

رۆژی دووشەممەش لە ناوچەی بائادوەینی سەر بە هەرێمی مودوگ لە باکوری ئەو وڵاتە دوای هێرشێکی ئەو گروپە، شەڕێکی قوڕس لە نێوان سوپای ئەو وڵاتە و ئەو گروپەدا روویدابوو.

٢٥ی تشرینی دووەمیش لە دەوروبەری شاری ماگادیشۆی پایتەختی ئەو وڵاتە هێرشێک کرابووە سەر ئۆتۆمبیلێک و لە ئەنجامدا زیاتر لە ٥ پۆلیس کوژرابوون، بەڵام هیچ کەسێک بە فەرمی بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی نەگرتە ئەستۆ.

ز.ش