لە شەڕی غەززەدا نزیکەی ٢١ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە

وەزارەتی تەندروستی بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند کە لە شەڕی ٨١ ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و حەماس، ٢٠ هەزار و ٩١٥ کەس گیانیان لەدەستداوە.

ئەو شەڕەی کە ٧ی تشرینی یەکەم بە هێرشی بەرفراوانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستی پێکرد، ڕۆژ بە ڕۆژ قورستر دەبێت.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی حەماس، لە شەڕی ٨١ ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و حەماس، ٢٠ هەزار و ٩١٥ کەس کوژراون. ڕاگەیەندرا کە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٢٤١ کەس گیانیان لەدەستداوە.

وەزارەتەکە ڕایگەیاند کە لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا زیاتر لە ٥٤ هەزار و ٩١٨ کەس برینداربوون.

ئیسرائیل ئۆپراسیونەکانی فراوانتر دەکات

لە ٢٧ی تشرینی یەکەمەوە لەگەل دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکەی ئیسرائیلەوە ، ١٥٨ سەربازی ئیسرائیلی لە غەززە کوژراون.

فەرۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل شەوی ڕابردوو، زیاتر لە سەد خاڵیان لە باشووری غەززە بۆردومان کردووە. سوپاکە ڕایگەیاند کە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی گەورەتر لە ناوچەکەدا خۆیان ئامادە دەکەن.