لە تۆرنتۆ هێرشەکانی تورکیا لە دژی کوردان شەرمەزارکران

لە شاری تۆرنتۆی کەنەدا هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک شەرمەزار کرا.

رۆژی یەکشەممە لە چوارڕێیانی کییل و ویڵسۆنی تورنتۆ گردبوونەوەیەک ئەنجامدرا و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر رۆژئاوا و باشووری کوردستانیان شەرمەزار کرد.

چالاکییەکە لەلایەن کوردستانیان و دۆستانیان  پێشوازی زۆری لێکرا. لە چالاکییەکەدا سیاسەتە هێرشکارانەکانی دەوڵەتی تورکیا لە بەرامبەر کوردان شەرمەزار کرا.

لە چالاکیەکەدا کە ژمارەیەکی زۆر تیایدا بەشداربوون، بەردەوام دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، "بژی بەرخودانی رۆژئاوا"، "بژی بەرخودانی کوردستان" و "رژێمی فاشیستی تورکیا بوەستە" بەرزدەکرایەوە، سەرنجی کەسانی دەوروبەر بۆ سەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک راکێشرا.

لە راگەیەندراوێکدا کە بە کوردی و ئینگلیزی خوێندرایەوە باس لەوەکرا کە ئەو هێرشە دڕندانەی تورکیا لە دژی کوردان دڕندەییەکی بێ ئەخلاقانەیە و بێسنوورە و ئەوە خرایەڕو کە دەبێت بە زووترین کات کۆتایی بەو کردەوە توندوتیژییانە بهێندرێت. لە راگەیەندراوەکەدا بانگەواز کرا کە پرسی کورد بە رێگەی ئاشتیانە و بە رێگەی دانوستان چارەسەر بکرێت. هەروەها تیشکخرایە سەر قوربانیانی مەدەنی و ئەو قەیرانە مرۆییانەی لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورک هاتوونە ئاراوە.

لە چالاکییەکەدا داوای پشتیوانی کۆمەڵگەی نێونەتەوەییکرا لە چارەسەرییەکی ئاشتیانە و شکۆمەندانە و سڵاو ئاراستەی تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد کرا.