لە تونس تەرمی گەنجێک بە سەربڕاوی دۆزرایەوە

لە ویلایەتى کاسارین لە وڵاتی تونس تەرمی گەنجێک بە سەربڕاوی دۆزرایەوە. بەرپرسانی تونس رایانگەیاند، ئەو رووداوە هێرشێکی تیرۆریستی بووە.

تەرمی سەربڕاوی گەنجێکی تونسی لە ناوچەى سوڵتانییە لە ویلایەتی کاسارین دۆزرایەوە. بە وتەى بەرپرسانی ئەو وڵاتە، ئەو رووداوە هێرشێکی تیرۆریستییە.

موحسین دالی داواکاری گشتیی تونس بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا (ئەی ئێف پی) راگەیاندووە، "ئەو کەسەى سەری بڕاوە، گەنجێکی تەمەن ٢٠ ساڵە و ناوی عوقاب دیبی بووە".

بە وتەى بەرپرسانی ئەو وڵاتە، دیبی شوانی مەڕ بووە و کاتێک لەلای مەڕەکانی بووە هێرشی کراوەتەسەر.

لە ساڵی ٢٠١٥دا گەنجێکی تری تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی موبارەک سوڵتانی لەلایەن چەتە جیهادییەکانەوە رفێنرابوو و دواتر تەرمەکەى بە سەربڕاوی دۆزرابوویەوە. دوای ٢ ساڵ لەو رووداوە، برایەکی تری موبارەک بە ناوی خەلیفە سوڵتانی دیسانەوە رفێنرایەوە و دوای ماوەیەکیش تەرمەکەى خەلیفەش دۆزرایەوە. چەتەکانی داعش بەرپرسیاریی کوشتنی ئەو دوو برایە و ئەو تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییان لە ئەستۆ گرتبوو.

ژ.ت