لە ئەڵمانیا کۆمپانیا پێشێلکارەکانی مافی مرۆڤ سزا دەدرێن

لە ئەڵمانیا پرۆژە یاسایەک رەوانەى پەرلەمان کراوە تاوەکو ئەو کۆمپانیایانە سزا بدرێن، کە لە دەرەوەی وڵات دەستیان لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دا هەیە.

لە ئەڵمانیا گفتوگۆ لەسەر پرۆژە یاسایەک دەکرێت و بەپێی ئەو پرۆژە یاسایە ئەگەر کۆمپانیایەکی ئەڵمانی لە دەرەوەى ئەڵمانیا دەستیان لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دا هەبێت سزا دەدرێن.

ئەو پرۆژە یاسا پێشنیازکراوە لە نێوان هوبیرتوس هەیلی وەزیری کاری سەر بە سۆسیال دیموکراتەکان و پیتر ئاتمیر وەزیری ئابوری لە حیزبی یەکێتیی سۆسیال مەسیحییەکان بووەتە هۆی رێکنەکەوتن و ناکۆکی.

بەپێی پرۆژە یاساکە هەر کۆمپانیایەک، کە زیاتر لە هەزار کەس کاری تیادا دەکات دەبێت لەبارەی مافەکانی مرۆڤەوە بەرپرسیاری لە ئەستۆ بگرن. لە پرۆژە یاسا پێشنیازکراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ئەو کۆمپانیایانە، کە راستەوخۆ یان لە رێگەى کرێکار و کارمەندەکانیانەوە مافەکانی مرۆڤ پێشێڵ دەکەن، لە ١٠٠ هەزار یورۆ تاوەکو ٨٠٠ هەزار یۆرۆ سزا بدرێن.

هەروەها ئەو کۆمپانیانە، کە سەرمایەکانیان لەسەرو ٤٠٠ ملیۆن یورۆیە و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤیان ئەنجامدابێت، دەبێت سەدا سفر پۆینت ٢ لە داهات و سامانی کۆمپانیاکە، کە دەکاتە بڕی ٨ ملیۆن یورۆ سزا بدرێن.

پلانسازی بۆ ئەوە دەکرێت، کە دوای ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ ئەو یاسایە بۆ ئەو کۆمپانیانە بخرێتە کار، کە زیاتر لە ٣ هەزار کرێکار و کارمەندیان هەیە و لە ساڵی ٢٠٢٤یشدا بۆ ئەو کۆمپانیایانە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە زیاتر لە هەزار کرێکار و کارمەندیان هەیە.

ژ.ت