لە ئەنجامی ھێرشێکدا سێ سەربازی ئەمریکی کوژران ودەیانی دیکەش برینداربوون

لە ئەنجامی ھێرشێک بۆ سەر ھێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتی ئوردن سێ سەرباز کوژران و زیاتر لە ٢٥ سەربازی دیکەش برینداربوون.

پینتاگۆن ڕایگەیاند، لە ھێرشێکدا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆسەر بنکەیەکی ھێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن سێ سەرباز کوژران و زیاتر لە ٢٥ سەربازیش تریش برینداربوون، بایدنیش بەڵێنی وەڵامدانەوەی ھێرشەکە دەدات.

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پینتاگۆن) لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، بە فڕۆکەیەکی بیفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو ھێرشکراوەتە سەر بنکەیەکی سەربازیی ھێزەکانی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژھەڵاتی ووڵاتی ئوردن کە دەکەوێتە نزیک سنورەکانی ووڵاتی سوریا و بەو ھۆیەوە سێ سەربازی ئەمریکا کوژراون و لانیکەم ٢٥ سەربازی تریش برینداربوون کە ژمارەیەکیان گوازراونەتەوە بۆ ئەمریکا.

هەروەها وەزارەتی بەرگی ئەمریکا راشیگەیاندووە، لەسەرەتای دەستپێکردنی ھێرشی گرووپە چەکدارەکانەوە بۆسەر ھێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوین لەماوەی چەند مانگی رابردوودا، یەکەم جارە بەھۆی ئەو ھێرشانەوە سەربازی ئەمریکی بکوژرێت.

لەلای خۆیەوە جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش دوای ئاگادارکردنەوەی لەلایەن وەزارەتی بەرگری ووڵاتەکەوە لەو ھێرشە، ڕایگەیاند: "هێرشەکە لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانەوە ئەنجامدراوە کە لە سوریا و عێراق چالاکن و وەڵامی ھێرشەکە دەدەنەوە".

هەروەها موھەند موبەیزین ووتەبێژی حکومەتی ئوردنیش رایگەیاند: "ھێرشەکە لە دەرەوەی خاکی وڵاتەکەی بووە و لە سنوری بنکەی سەربازی تەنەف بووە لە ناو خاکی سوریا".