لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا٢٠ سەربازی ئەفغانستان لە زیندانێکی تاڵیبان ئازادکران

وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستان ڕایگەیاند: لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی سوپای ئەفغانستان، لە ویلایەتی نیمڕووز، ٢٠ سەرباز و پۆلیس لە زیندانێکی تاڵیبان ئازادکراون.

ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگریی نیشتمانیی ئەفغانستان، لەسەر ئۆپەراسیۆنێکی سوپای وڵاتەکەی بۆ ئازادکردنی سەربازەکانی لە زیندانەکانی چەکدارانی تاڵیبان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوەکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: هێزەکانی سوپای نیشتمانی ئەفغانستان، ئۆپەراسیۆننێکیان لەدژی زیندانێکی گروپی تاڵیبان لە شاری ‘خاشڕوود’ سەربە ویللایەتی ‘نیمڕووز’ ئەنجامدا، کە لە ئەنجامیدا ١٧ سەربازی سوپای ئەفغانستان و سێ پۆلیس لەو زیندانە ئازادکران.

هەروەها هاتووە: لە ئەنجامی شەڕێک کە بۆ ئازادکردنی ئەو زیندانیانە ڕوویداوە، حەوت چەکداری تاڵیبان، لەوانە فەرماندەیەکی باڵای تاڵیبان، بەناوی ‘مەولەوی بەشیر’  کوژراون.

گروپی تاڵیبان هێشتا لەسەر ئەم بابەتە، هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە و ڕاگەیاندراوی بڵاونەکردووەتەوە.

ک-ش