لە ئۆسلۆ چالاکییەک لە پێناو جوانا سنە چالاکوانی کەژار بەڕێوەچوو

لە بەردەم کونسوڵخانەی ئێران لە شاری ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج، چالاکییەک لە پێناو وریشە مورادی (جوانا سنە) ،چالاکوانی کورد ئەنجامدرا، کە لەلایەن هێزەکانی سەر بە دەوڵەتی ئێرانەوە ڕفێندراوە.

ئەو چالاکییە کە لە بەردەم کونسوڵخانەی ئێران لە شاری ئۆسلۆ بەڕێوەچوو، لەلایەن پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) و کۆمیتەی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) ڕێکخرابوو.

لە چالاکییەدا ڕاگەیەندراوێکی کۆمیتەی نەرویجی کەژار خوێندرایەوە، کە تێیدا ھاتووە، "هێزەکانی دەوڵەتی ئێران مانگی تەمموز چالاکوان وریشە مورادی (جوانا سنە)یان ڕفاندووە و تا ئێستاش چارەنووسی نادیارە.

کەژار ئاماژەی بەوەشکردووە، "وریشە مورادی، ناسراو بە (جوانا سنە)، ئەندامی کەژار، کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەرکی رێکخراوەیی سیاسیمانی ڕادەپەڕاند، لە نزیک سنە ڕفێندراوە و هیچ زانیارییەکی لەبارەی چارەنووسی دەست ناکەوێت".

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "بنەماڵەکەی دوای ڕفاندنی وریشە مورادی هەموو هەوڵێکیان خستۆتەگەڕ، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیووە هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە بەدەست بھێنن و چارەنووسی نادیارە، ئەمەش نیگەرانی بنەماڵەکەی و ڕێکخستنەکەمانی زیاتر کردووە".

لای خۆشیەوە عومەر ئەمین، نوێنەری ئەورووپایی تەڤگەری ئازادی ڕایگەیاند، وریشە مورادی (جوانا سنە) لەلایەن ھەواڵگری ئێران و سیخوڕەکانی سوپای پاسدارانەوە ڕفێندراوە، وتیشی: کۆماری ئیسلامی ئێران لە ژیانی ئەو ھەڤاڵە شۆڕشگێڕەمان بەرپرسیارە، دەبێت دەستبەجێ ئازاد بکرێت ."

لە چالاکییەکەدا لەگەڵ لافیتەیەک کە لەسەری دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" نوسرابوو، وێنەکانی زەینەب جەلالیان و وریشە مورادی بەرزکرایەوە.

چالاکییەکە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.