لە ئیندۆنیزیا بوومەلەرزە روویدا: بەدەیان کەس گیانیان لەدەستدا

لە دورگەی سولاوسی ئیندۆنیزیا، ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەکی بەهێز روویدا و زیاتر لە ٣٤ کەس گیانیان لەدەستدا.

راگەیەنرا، بوومەلەرزەکە بە پلەی ٦.٢ لە رۆژئاوای دورگەکە روویداوە و زیاتر لە ٣٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و بە سەدان کەس برینداربوون.

بوومەلەرزەکە کاریگەری لەسەر شاری ماموژو دروست کرد. ژمارەیەک نەخۆشخانە و باڵەخانە رووخاون. تیمەکانی رزگارکردن بەدوای بەدەیان پزیشک و کارمەندی تەندروستیدا دەگەڕێن کە لەژێر داروپەردوی باڵەخانەکاندان.

بەرپرسی تیمەکانی رزگارکردنی ماموژو وتی، "نەخۆشخانەیەک رووخاوە. لەژێر داروپەردوی نەخۆشخانەکەدا بە سەدان نەخۆش و کارمەندی نەخۆشخانە هەن و ئێمە لە هەوڵی رزگارکردنیانداین."

ئاژانسی کەشوهەوا و بوومەلەرزەزانی ئەو وڵاتە هوشداری لە روودانی بوومەلەرزەی نوێدا و داوای لە هاوڵاتیان کرد، لە کەناراوەکان خۆیان بەدوور بگرن.

رۆژی پێنجشەمە، لە هەرێمەکە بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.٨ روویدابوو، بەڵام زیانی نەبوو.

ساڵی ٢٠١٨ لە دورگەی سولاوسی ئیندونیزیا بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٨ ڕوویدا و لە ئەنجامدا ٤ هەزار و ٣٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا. ١٧٠ هەزار کەسیش کۆچبەر بوون.

لە ساڵی ٢٠٠٤دا لە کەناراوەکانی ساماترای لە ئیندۆنیزیا، بەهۆی بوومەلەرزەیەکەوە بە گوڕی ٩.١، تسونامی دروست بوو. لە ئەنجامدا ٢٢٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا کە ١٧٠ هەزار کەسیان هاوڵاتی ئیندۆنیزیا بوون.

ف.ق