لە چالاکیی دانیشتندا کە لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ ـەوە بۆ ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەموو ڕۆژانی چوارشەممە لەبەردەم ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێفی سویسرا بەڕێوە دەچێت، کەوتە ٤٤ مانگیەوە.
جەماوەری چالاکییەکە لە کەسایەتی ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین کە لە ٢٣ ی ئاب لە ئەنجامی هێرشێکی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا لە شاری سلێمانی کۆمەڵکوژ کران بە خولەکێک بێدەنگی یادیان بەرز ڕاگیرا.
بەناوی کۆمیتەی ئامادەکاریی جنێڤەوە ڤەیسەڵ دالکلچ، ڕۆژنامەنووسانی شەهید وەبیرهێنرانەوە و وتی: "دەوڵەتی تورک هەموو جۆرە شەڕێکی بەربڵاو و گڵاوی لە دژی گەلی کورد دەست پێکردووە.
ڤەیسەڵ لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "فاشیزمی دەوڵەتی تورک دوژمنی منداڵان، بەساڵاچووان، ژنان و سروشتە. کوشتاری ڕۆژنامەنووسان بەڕێکەوت نەبووە،گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لە باشوری کوردستان ڕووی گڵاوی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیان ئاشکرا کردووە بۆیە کرانە ئامانج، ئێمە جارێکی تر دەوڵەتی تورک و هاوپەیمانەکەی پەدەکە شەرمەزار دەکەین."
لە چالاکیەکەدا کە لەلایەن بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕ (تەجەشە) و بزووتنەوەی ژنانی گەنجی تێکۆشەر (تەکوژن) بەڕێوەچوو، داوای بەشداری لە ڕێپێوانی درێژمەودای جنێڤ کرا، کە لە ٣١ ی ئاب لە لۆزانەوە دەست پێدەکات و لە جنێڤ کۆتایی دێت.
یەکبوون گونەش بەناوی بزووتنەوەی گەنجان، قسەی کرد و وتی: "ئێمە بە هیچ شێوەیەک زانیاریمان لە ڕێبەرایەتیمان نییە و ڕێگەنادرێت هیچ زانیارییەک بێتەدەرەوە. ئارمانجی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دابڕانی ڕێبەر ئاپۆە لە گەلەکەی، بەڵام بە بەرخۆدان و تێکۆشانی ئێمە کۆتایی بە گۆشەگیری دێت، پێویستە هەموو گەنجانی کورد سەرجەم ناوچەکان بکەنە گۆڕەپانی بەرخۆدان و مەشخەڵی ئازادی لە هەموو ناوچەیەک هەڵبکەن. بۆیە پێویستە هەموو گەنجانی کورد و دۆستانیان بەشداری لە ڕێپێوانی درێژ مەودای ٣١ ی ئاب لە لۆزان بەرەو بەردەم بینای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێف بکەن و هەروەها بەشداری لە ڕێپێوانی درێژمەودا کە لە ١٥ی ئەیلول لە ئاڵمانیا کە وەک بەشێک لە هەڵمەتی 'ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ چارەسەری دیموکراتیک بۆ کێشەی کورد' بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، بکەن."