لەندەن؛ دژی هێرشی پۆلیس بۆ سەر کۆمەڵەیەکی کوردی چالاکی ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو

لە دژی هێرش و رێگرییەکانی پۆلیسی هارینگە لە چالاکییەکانی کۆمەڵەی کوردی، خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی لە لەندەن بەڕێوەچوو.

شەوی ٢٦ی تشرینی دووەم / نۆڤەمبر لەلایەن پۆلیسی هارینگەی هێرش کرایە سەر کۆمەڵەی کوردی، کە لەو کاتەدا بە بۆنەی دامەزراندنی پەکەکەوە ئاهەنگێکی تێدا بەڕێوەدەچوو، لەو هێرشەدا ژمارەیەک ژن و منداڵ برینداربوون.

لە دژی ئەو هێرشەی پۆلیسی بەریتانیا و هەروەها رێگرییەکانی دیکەی پۆلیس لە چالاکیەکانی کوردان لەسەر شەقام، ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە لە سەر بانگەوازی یەکێتی رێکخراوە دیموکراتیکەکانی بەریتانیا چالاکیەکانی ناڕەزایەتی بەرامبەر بەو هەڵسوکەوت و مامەڵانەی پۆلیسی بەریتانیا لە لەندەن بەڕێوەچوو.

چالاکوانانی کورد لە هارینگەیەوە بە رێپێوان بەرەو شەقامی ویدگرین رۆیشتن و لەوێ کۆبوونەوە و چەندین دروشمیان دژی "مامەڵەی نادیموکراتیانەی پۆلیسی بەریتانیا" بەرامبەر بە چالاکییەکانی کوردان وتەوە.

هەر لە چالاکیەکەدا بروشەر بە زمانی ئینگلیزی بەسەر خەڵکدا دابەشکرا و تیایدا ئاماژە بەوەکرابوو، پۆلیس بەریتانیا بە بیانووی جیاجیا هێرش و توندوتیژییەکانی لە دژی ناوەندە کولتوری و هەروەها چالاکیە دیموکراتیکەکانی کوردان لەسەر شەقام زیاد کردووە.

هەریەک لە ماڵی گەل لە بەریتانیا، جڤاکی ئازاد، کەژار و تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستانیش بەشدارییان لە چالاکیەکە کرد و چەندین چالاکوان و کەسایەتی ئینترناسیۆناڵیش کە بەشداربوون وتەیان پێشکەش کرد و بە دروشمەکانی وەک 'بەرخودان ژیانە'، 'ژن، ژیان، ئازادی'، 'پەکەکە گەلە، گەل لێرەیە'، 'بژی سەرۆک ئاپۆ' و ' شەهیدانمان رووناکی رێگامانن'، چالاکیەکە کۆتاییهات.

هـ . ب