لەنەیجیریا درۆنێکی سوپا بە هەڵە ٨٥ مەدەنی کوشت

لە ئەیالەتی کادونای باکووری رۆژئاوای نەیجیریا فڕۆکەیەکی بێفرۆکەوانی هێرشبەری سوپا 'بەهەڵە" ٨٥ کەسی مەدەنی لە گوندێک کوشت.

دەزگای نیشتمانی دۆخی لەناکاوی نەیجیریا بڵاویکردەوە، کە فرۆکەیەکی بێفرۆکەوانی ئەو وڵاتە بە هەڵە گوندنشینانی بۆردومان کردووە.

بۆلا ئەحمەد تینوبو سەرۆکی حکومەتی نەیجیریا دوای دانپێدانانی سوپا بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە فەرمانی کرد کە لێکۆڵینەوەی ورد لە رووداوەکە بکرێت.

سوپا لە بارەی ژمارەی قوربانییانەوە هیچ ئامارێکی رانەگەیاندووە، هاوکات دانیشتوانی ناوچەکە باس لەوە دەکەن زۆرینەی قوربانیان ژن و منداڵن.

دەزگای نیشتمانی دۆخی لەناو ئەوەشی خستووەتەڕوو کە تائێستا ٨٥ تەرم بە خاکسپێردراون، بەڵام پرۆسەی گەڕان هێشتاش بەردەوامە.

راگەیەندرا کە ٦٦ برینداری هێرشەکەش گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکان و چارەسەری وەردەگرن. حکومەت بۆ رێگری لە کاردانەوەی دانیشتوانی ناوچەکە دەستی بە کۆبوونەوە لەگەڵ ریش سپییەکانی ئەو دەڤەرە کردووە.

ماوەی ١٤ ساڵە سوپای نەجیریا لەگەڵ چەند گروپێکی چەکدار لە باکووری رۆژهەڵات و باکووری رۆژئاویا ئەو وڵاتە لە شەڕدایە و زۆرجار لەو ناوچانە شەڕ و پێکدادان دێتە ئاراوە و پێگەکانی ئەو گروپانە بۆردومان دەکرێن.

هـ . ب