مەراسیمی پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە لە ئۆپسالا و لیۆن بەڕێوەچوو

لە شاری ئۆپسالای سوید و لیۆنی فەرەنسا مەراسیمی پیرۆزبایی ٤٥ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە بەڕێوەچوو.

بە ئاهەنگێک یادی ٤٥ەمین ساڵەی دامەزراندنی پەکەکە لە شاری ئۆپسالای سوید پیرۆز کرا و بەسەدان کەس بەشدارییان لە ئاهەنگەکەدا کرد.

مەراسیمەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزلێنان لە گیانی شەهیدانی شۆڕش دەستیپێکرد. هۆڵی ئاهەنگەکە بە وێنەکانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، وێنەی شەهدان و ئاڵاکانی پەکەکە و پاژک رازێنرابووەوە.

جەماوەرەکە بێ پسانەوە دروشمەکانی "بژی پەکەکە"، "بژی سەرۆک ئاپۆ"، "بژی بەرخودانی گەریلا"، "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "ژن، ژیان، ئازادی"یان دەوتەوە.

مەنیجە ییگیت هاوسەرۆکی ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کورد (نەجەدەکە) لە سەرەتای ئاهەنگەکەدا قسەی کرد و رایگەیاند، کە دەبێت گەلی کورد بە دەوری پەکەکەوە کۆببنەوە و گوڕ بە تێکۆشانی ئازادی خۆیان بدەن.

سیاسەتمەدار و نوسەر جەلالەدین دەلیباشیش لە وتەکانیدا باسی لەو هەلومەرجە دژوارە کرد کە پەکەکە تیایدا دامەزرا و ئەو ئاستەنگ و تەنگ و چەڵەمانەی بەبیرهێنایەوە کە لەبەردەم دامەزراندن و گەورەبوونی پەکەکەدا بوون و هێمای بۆ ئەوەشکرد، لە رێگەی پاڕادایمی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە پەکەکە بووەتە پارتێکی نێونەتەوەیی و هەڵمەتی ئازادی بۆ ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کوردیشی بە نمونە هێنایەوە کە لەلایەن دۆستانی گەلی کوردەوە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لە زیاتر لە ٧٤ شاری جیهان دەستیپێکرا.

لە ئاهەنگەکەدا هونەرمەندان ئەڤین ئاکباش، دڵشاد هەولێری، کاوە، بەسەر شاهین و کەوێ گۆرانیان پێشکەش کرد.

لیۆن/ گرینۆبڵ

لە شارەکانی لیۆن و گرینۆبڵی فەرەنساش ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کوردی لیۆن ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکەی پیرۆز کرد.

دوای خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزلێنان لە گیانی شەهیدان، لە سەر ناوی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کورد لە فەرەنسا (جەدەکە-فە) محەمەد داغ قسەی کرد و تیشکی خستە سەر خەبات و تێکۆشانی ٤٥ ساڵەی پەکەکە.

هەر لە مەراسیمەکەدا پەیامی پیرۆزبایی مەلەکەپە (پارتی مارکسیست-لێنینیست کۆمۆنیست) خوێندرایەوە.

دوای وتار و پەیامەکان مەرال ئاڵکان و ئەنگین خەلیکان گۆرانیان پێشکەش کرد.

هـ . ب