ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە بە پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەیی دەستگیرکراوە، ماوەی ٢٦ ساڵە لە چوارچێوەی ئەشکەنجەی ئیمراڵی بەدیل گیراوە، نزیکەی ٤٣ مانگە هیچ زانیارییەک لەبارەی دۆخی تەندروستیەوە بەدەست نەگەیشتووە و ڕێگری دەکرێت. بەو بۆنەوە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ ەوە لە سەر ئاستی نێونەتەوەییدا هەڵمەتێک بە پشتیوانی لایەنە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان دەستیپێکرد و بە بەهێزی خۆیەوە بەردەوامی هەیە.
بۆچی بیرۆکەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هێندە لە جیهان و لەناو گەلاندا دەنگدانەوەی هەبووە؟ گرنگی و قورسایی بیرۆکەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە تەنگەژە و بنبەستی سیستەمی سەرمایەداریدا چییە؟ بەرخۆدانی ٢٦ ساڵە لە ئیمرالی و سیستەمی گۆشەگیریی ئیمرالی مانای چییە ئایا پیلانگێڕان ئامانجەکەیان بەدەست هێنا؟ یەکێک لە بیرمەندانی بەناوبانگی فەڕەنسا و سەرنووسەر و داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ نێلس ئاندرسۆن وەڵامی ئەم پرسیارانەی دایەوە.
نێلس ئاندرسۆن ڕیگەیاند: " گۆشەگیریی ڕەها کە زیاتر لە چوار ساڵە لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١ـەوە بەردەوامە، جێگەی شەرمەزاریە. ئەم گۆشەگیرییە بۆ ئێمە و ڕۆژئاواییەکان کە لەبەرامبەر ئەم گۆشەگیرییەدا بێدەنگی هەڵدەبژێرین شەرمەزارییە و هاوبەشی تاوانە. عەبدوڵا ئۆجالان بە هێزی خۆیەوە دژی ئەم گۆشەگیرییە ڕاوەستاوە و بەرخۆدان دەکات. سەپاندنی گۆشەگیری لە هەمان کاتدا نیشانەی یاسای سەرمایەدارییە.
ڕەخنەکانی عەبدوڵا ئۆجالان لە دژی سیستەمی سەرمایەداری ئاشکرایە، دەمەوێت یەکێک لە وتەکانیتان بەبیر بهێنمەوە. ئۆجالان دەڵێت: "لیبرالیزم و ئەریستۆکراسی بەشێوەیەکی سەرەکی وەک چوارچێوەی ئایدیۆلۆژی بنەڕەتی سەرمایەداری دەردەکەون، بەڵام هەژموونی ئایدیۆلۆژی سەرمایەداری تاکەکەسی تا ڕادەیەک گۆشەگیر کردووە کە هیچ سیستەمێک نەیتوانیوە تا ئەو ڕادەیە ئەو کارە بکات". ئەم دەستنیشانکردنەی ئۆجالان زۆر ڕاستە. لە ڕاستیدا ئۆجالان لەلایەن ئەم سیستەمە سەرمایەدارییەوە گۆشەگیرکراوە و چوار ساڵە لە جیهانی دەرەوە دابڕێندراوە، دۆخێکی لەم شێوەیە قبوڵکراو نییە و ناتوانین ئەم ڕاستیە نەبینین."
"جیهانی ڕۆژئاوا بیرۆکەکانی ئۆجالان بە هەڕەشە بۆ سەر خۆی دەبینێت"
نێلس ئاندرسۆن دەڵێت جیهانی ڕۆژئاوا لە کابول، ئەفغانستان و لیبیا و زۆر شوێنی تر بۆ سەپاندنی ڕوانگە و سیاسەتەکانی خۆی شەڕی هەڵگیرساندووە و لەم شەڕانەدا یان لەڕووی سەربازییەوە سەرکەوتوو نەبووە و ئەگەر سەرکەوتوو بێت بەردەوام لەڕووی سیاسی و ئایدیۆلۆژیەوە شکستی هێناوە.
نیلس ئاندرسۆن دەڵێت: "ئەمڕۆ جیهان لە ناوەڕاستی جەنگی سارددایە. ئەمە یەکەمجارە لە مێژوودا ڕۆژئاوا چ ئەوروپا بێت یان ئەمەریکا ئێستا ڕووبەڕووی دۆخێک دەبێتەوە کە ناوەندی جیهان نییە بەڵکو ڕووبەڕووی جیهانێکی پێچەوانەی ئەمە بووەتەوە."
بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان سەرهەڵدەدەن، خۆیان بەڕێکخستن دەکەن، ڕکابەریی و ناکۆکیەکانی سەرمایەداری بەشداری جەنگ دەبن. هەژموونی ڕۆژئاوا کە لە ساڵی ٢٠٠٠دا گەیشتووتە ئاستێکی بەرفراوام، ئیتر وەک جاران نەماوە. جیهانی ڕۆژئاوا ئێستا نەک تەنها لە کۆتایی هەژموونی خۆی دەترسێت، بەڵکو لە داڕمان و لەناوچوونی حوکمڕانیشی دەترسێت. لە بەرامبەر ئەم دۆڕان و داڕمانەدا بەرگری لە خۆی دەکات و کەسێکی وەک عەبدوڵا ئۆجالان کە لە ژووری تاکە کەسیەکەیەوە ڕەخنە لە سیستەمی سەرمایەداری دەگرێت بە هیز و متمانە بەخۆبوونەوە تێکۆشان دەکات، بە هەڕەشە بۆ سەر سیستەمی سەرمایەداری دادەنرێت. بەم هۆیەوە سەبارەت بە بارودۆخی ئۆجالان و بەتایبەتی بوردومانەکان، کۆمەڵکوژییەکان، گوشار و دەستگیرکردنەکان کە بەسەر کوردانی تورکیادا سەپێنراون، بێدەنگی دەنوێنن."
"بیرۆکەکانی ئۆجالان لە ڕاستیدا کۆمەڵناسی ئازادییە"
نێلس ئاندرسۆن لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە بیرۆکەکانی ئۆجالان چارەسەری زۆربەی کێشەکانی ئەمڕۆی مرۆڤایەتیە و وتی: "لەبەر کارەسات و دڕندەیی ئێستا کە لە غەززە و لوبنان بەڕێوە دەچێت، کێشەکانی ناوچەکە لە دۆخێکی هەستیاردایە و ئەم ناوچەیەی جیهان لە ئێستادا تووشی مەترسی تەشەنەسەندنی شەڕ و پێکدادانی بەربڵاو بووەتەوە. کەواتە مەترسییەکانی ئەم ناوچەیە لە شەڕی دابەشکاری یەکساندا گرنگە.
لێرەدا ڕووبەڕووی لایەنێکی گرنگی هزر و بیرۆکەکانی عەبدوڵا ئۆجالان دەبینەوە، لێرەدا دەمهەوێت بڵێم کە بیرۆکەکانی ئۆجالان وەک چیاکانی توروس وەک لافاوی خرۆشان دەڕژێتە ناو مێژووی شارستانیە دێرینەکانەوە، بەتایبەتی مێژووی شارستانیەتی میزۆپۆتامیا و هەروەها شارستانیەتی یۆنانی و ڕۆمانی بەرەو سەردەمی ئێمە لە جوڵەدایە.
بیرۆکەکانی عەبدوڵا ئۆجالان هەم لە ڕەخنەی سەرمایەداری و هەم لە فێربوون لە شکستی پلانەکانی شەڕدا لە ڕووی ناوچەییەوە، کۆمەڵناسی ڕاستەقینەی ئازادین. سەرەنج بە بابەتێکی زۆر گرنگ دەدات؛ سنوورەکان، پێوانەیەکی پێشێلکارییە لە یاسای نێودەوڵەتیدا.
ئەم سنوورانە یەکێکن لە گرنگترین بەربەستەکانی بەردەم خۆبەڕێوەبردنی گەلی کورد لە تورکیا و ئازادیی گەلی ڕۆژئاوا بەبێ دەستێوەردانە دەرەکیەکان. هەبوونی سنوور یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی ئەمڕۆ و ئۆجالان بەتایبەتی جەخت لەسەر ئەم مەسەلەیە دەکاتەوە. هەمووان دەزانن کە جیهان مۆزایکێکی گەلان، ئایین و کەلتوورەکانە. لە ڕاستیدا، هەموو کۆمەڵگایەک لە هەموو و بەشێکی جیهان مێژووی هەیە. هەرچەندە بەهۆی جەنگ و داگیرکارییەوە سنووری حکومەت و جوگرافیای سنووردار، ناوچەی ئایینی و کەلتوورییەکان دروست کراون. بۆیه بیرۆکەکانی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئازادی کۆمەڵایەتی و ڕۆانگەی ڕزگاری زۆر گرنگه، چونکە دان بە مافی هەموو ئەو گەلان لە سەرووی هەموویانەوە گەلی کورددا دەنێت.
دەمەوێت بڵێم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناوەندی ئەم مەسەلەدایە کە بەشێکی زۆری گەلی کورد تێیدا دەژین. لەو چارەسەریانەی کە بۆ چارەسەری ئەم دۆخە پێشکەش دەکرێن، دەبێت سنوورە مێژووییەکان، چەوساندنەوە و ئیمپریالیزم کە وەک میراتێک ماونەتەوە لەبەرچاو بگیرێت."
نێلس ئاندرسۆن سەبارەت بە بیرۆکەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان سەبارەت بە ئازادی ژنان وتی: "وەک عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت تا ژنان ئازاد نەبن کۆمەڵگا بە تایبەتی پیاو ئازاد نابن، جیاوازی لە نێوان مرۆڤەکان نییە' ئەمە یەکێکە لە پێوەرە سەرەکییەکانی ئۆجالان بەتایبەتی لەجیهانێکدا کە ئازادی ژنان زۆر گرنگ و بەنرخە، بە ڕاشکاوییەوە پشتگیری ئەم پێوەرە دەکات و نیشانی دەدات تا ژنان ئازاد نەبن کۆمەڵگایەکی نوێ بنیات نارێت و کۆمەڵگا ئازاد نابێت. هاوکات ئۆجالان دەڵێت ئازادی ژنان لەهەمانکاتدا ئازادی خودی پیاوە."
'هەر کەسێک خۆی به دیموکرات دەزانێت دەبێت داوای ئازادی ئۆجالان بکات'
ئاندرسۆن ئاماژەی بەوەشدا کە نزیکبوونەوە لە ئۆجالان ئەنجامی هاوسەنگی هێزەکانە. ئەمە هاوسەنگی هێزە لە نێوان هێزە دێموکراتییەکانی گەل و هێزەکانی سەرمایەداری و ئیمپریالیزمە و وتی: "دەبێت ئەم هاوسەنگی هێزە بگۆڕین. وەک دەزانین ئەم کارەش ئاسان نییە، کێشەیەکی درێژخایەنە. هەرچەندە ئەمە هاوسەنگی هێزە و بەبێ کردار و چالاکی ناگۆڕدرێت. دەبێت گەل بگەیەنینە ئەو قەناعەتە. چۆن دەبێت گەل بەهۆی بیروباوەڕەکانیانەوە زیندانی دەکرێن؟ وەک ئانتۆنیۆ گرامشی کە دەستگیرکرا، وەک ماندێلا کە ٢٥-٣٠ ساڵ لە زینداندا مایەوە. بۆ نموونە جۆرجیۆس عەبدوڵا کە ماوەی ٤٠ ساڵە لە فەڕەنسا زیندانی کراوە. هەروەها لە فەلەستین مەروان بەرغوتی هەیە. لە جیهانی سورپێستەکاندا، لیۆنارد پێلتیر هەیە. چۆن دەتوانرێت ئەم کەسانە مەحکوم و زیندانی بکرێن؟ چۆن دەتانەوێت ئەم کێشەیە بە دەستگیرکردنی کەسێک چارەسەر بکەن؟ دەبێت لە ئەمە لێکۆڵینەوە بکرێت.
گۆشەگیری تەنیا کێشەی دیموکراسی و مرۆڤایەتی نییە، تەنیا کێشەی شۆڕش یان سیاسەت نییە. پێویستە هەموو ئەوانەی خۆیان بە دیموکرات دەزانن داوای ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان و هەموو زیندانیانی سیاسی لە تورکیا بکەن. چۆن دەتوانین هەستی دیموکراسی لە جیهاندا بەئاگا بهێنینەوە؟ ئەمە پەیوەندی بە گۆڕینی رژێمەوە نییە، بەڵکو بە گۆڕینی ئەم هەستە بە شێوەیەکی دیموکراتیک دەکرێت. هەموو حکومەتەکان، هاوڵاتیان، هەمووان دەبێت بەبێ هەڕەشە و گوشار بە ئامرازانەی بەردەستمانە بۆ گۆڕانکاری دەست بە هەوڵدان بکەین. بەلایەنی کەمەوە، سزادراوەکان ئازاد بکەن، ڕێگەیان پێ بدەن با خۆیان دەرببڕن و بژین.
بەڕاستی عەبدوڵا ئۆجالان نموونەیەکی بەرچاوە. بەم شێوەیە دەڵێت: "هەڤاڵانم، هاوڕێکانم پێیان وایە کارەساتێک بەسەرم هاتووە. بەڵام ئەوە بزانن، ئەگەر ئەم کارەساتە نەبووایە، من نەمدەتوانی ژیانی ئازاد بناسم' ئەم ڕستەیە پڕە لە وانەیە بۆ ئێمە، بۆ دوژمنانمان، بۆ ئەوانەی کە دەتوانن لە واتای ئەوە تێبگەن. لەبەر ئەم هۆیە، دەبێت بە پێداگرییەوە لە هەموو شوێنێ داوای ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان بەرز بکەینەوە."
'کاتێک باس لە ئۆجالان دەکرێت، گۆشەگیری تاکە شکستە'
نێلس ئاندرسۆن مەبەستی مێژوویی دابڕان بە شکاندنی ئیرادەی مرۆڤ دەزانێ و دەڵێت: "ئەمە تەنها گۆشەگیری کەسێک نییە لە جیهاندا، بەڵکو ڕێگریکردنە لە خوێندنەوەی نووسینەکانی و ڕێگریکردنە لە بیستنی دەنگی بە جیهانی دەرەوە. ئامانجی سەرەکی شکاندنی ئیرادەی مرۆڤە.
هەرچەندە، کاتێک باسی ئۆجالان دەکرێت، دەبینرێت کە ئەمە بە تەواوی شکستی هێناوە. ئیرادەی ئۆجالان نەشکاوە، چونکە متمانەی بەخۆی و تێکۆشانی هەیە، ڕوانگەی کۆمەڵایەتی خۆی هەیە، هەروەها سوپایەکی شۆڕشگێڕانەی هەیە کە لە پێناو ئازادی گەل و مافەکانیان تێکۆشان دەکات، بۆیه ناتوانن ئیرادەی ئۆجالان بشکێنن.
وەک بەکارهێنانی ئەشکەنجە، بەهەمان شێوە گۆشەگیری کاریگەر نییە. دەڵێن ئەشکەنجە گەلان دەترسێنێت. بەڵام قەد ئەشکەنجەمان نەبینیوە ئەوەندە زیانبەخش بێت. نمونەی جەزائیر ئەوەمان نیشان دەدات: گەلی جەزائیر سەرەڕای دڕندەیی سیستەمی شەڕ و داگیرکاری لەتێکۆشانی خۆیان نەوەستاون و تا سەربەخۆیی شەڕیان کرد. هیچ ڕێبازێک بوونی نییە ئەم ڕۆحە بشکێنێت. گۆشەگیری ئەفسانەیە لە مێشکی دواکەوتوو و ئیمپریالیستەکاندا، بەڵام وانییە. ئۆجالان نموونەیەکە بۆ ئەم ڕاستیە. سەرەڕای گۆشەگیرکردنی، ئەو بەهێزێکی سەرسوڕهێنەر دەنووسێت، بیردەکاتەوە. ئەو بە بەرهەمە سەرکەوتووەکانی، لە دۆخی گۆشەگیریدا بیرۆکە دەخوڵقێنێت. ئەمە بە ڕوونی نیشانی دەدات کە ڕکابەر و دوژمنەکانی ئۆجالان سەر نەکەوتن."
'ئازادی ئۆجالان ئەرکی هەموومانە'
نێلس ئەندرسۆن لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: "دەبێت گۆشەگیریی سەپێنراوی سەر عەبدوڵا ئۆجالان کۆتایی پێبهێنرێت و ئۆجالان ئازاد بکرێت. دەبێت کۆتایی بەم ناعەدالەتیە کۆتایی بێت و ئۆجالان ئازاد بکرێت. ئازادکردنی ئۆجالان ئەرکی هەموومانە."
نێلس ئاندرسۆن کێیە؟
فرێدی نێلس ئاندرسۆن تەمەن٩١ساڵ، ناسراو بە نێلس ئاندرسۆن، بیرمەند، سەرنووسەر و نووسەری بەناوبانگی سویسری فەڕەنسایی بە ڕەچەڵەک سویدییە. نێلس ئاندرسۆن بە تایبەتی بە هەڵوێستەکانی دژی داگیرکاری و لایەنگری ئاشتی ناسراوە. بەهۆی نووسینەکانی بۆ پشتیوانی لە جەنگاوەرانی ڤێتنام و تێکۆشانی سەربەخۆیی جەزائیر و هەروەها لەبەر ئەو وتارانەی کە دەربارەی بیرۆکەکانی مائو تسە تۆنگ نووسیبووی، لە ساڵی ١٩٦٦ لە سویسرا دوورخرایەوە.
پاشان لە فەڕەنسا نیشتەجێ بوو، لەوێ درێژەی بە ژیانی ئاکادیمی و سیاسی داوە. نێلس ئاندرسۆن کە چەندین کتێبی هەیە یەکێکە لە کەسایەتییە هەرە گرنگەکانی گۆڕەپانی ڕۆشنبیری و سیاسی و بە هەڵوێستەکانی دژ بە داگیرکاری و پشتیوانیکردنی لە بزووتنەوە ئازادیخوازدکانی جیهان ناسراوە.
نێلس ئاندرسۆن پێشەکیی نوسخەی فەرەنسی کتێبی مانیفێستی شارستانیەتی دێموکراتیکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی نووسیوە.