نقومبوونی بەلەمێک لە میانمار: بەلایەنی کەمەوە ١١کەس گیانیان لەدەستدا

بە گوێرەی ڕاگەیاندراوەکان بەلانیکەمەوە ١١کەس بە هۆی وەرگەڕان و نقومبوونی بەلەمێک کە نزیکەی ٣٠ سەرنشینی هەبووە لە کەناراوەکانی باشووری میانمار، ژیانیان لەدەستدوە و ژمارەیەکی دیکەش بێسەروشوێن بوون.

راهیبێکی بودایی خەڵکی گوندی کیاکار لە باشووری هەرێمی تانینتاری کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسای ڕاگەیاند؛ ڕۆژی یەکشەممە ١٠ تەرم و ڕۆژی دووشەم تەرمێکی دیکەیان دۆزیوەتەوە.

بەلەمەکە کاتژمێر٩:٠٠ی شەو گوندەکەی بەجێهێشتووە. بە هۆی ئەوەی بارێکی زۆر هەبووە، بەلەمەکە نقومبووە."

هەمان سەرچاوە ڕایگەیاند: "بەلەمەکە هەڵگری هەژمارێکی منداڵ و گەنج بوو کە دوای دوو هەفتە پشوو دەگەڕانەوە بۆ قوتابخانەکەیان."

رووداوەکانی نقومبوونی بەلەمەکان لە میانمار زوو زوو روودەدەن، ئەمەش بۆ خراپی کوالێتی، ناستانداردی بەلەمەکان و پابەندنەبوون بە رێنماییەکانی سەلامەتی دەگەڕێندرێتەوە.