نەتەوەیەکگرتووەکان: ٨٠ هەزار فەلەستینی ناچاربوون رەفەح بەجێبهێڵن

ڕێکخراوی پەنابەرانی فەلەستینی نەتەوەیەکگرتووەکان (UNRWA) بەیاننامەیەکی دا و ئاماژەی بەوەکردووە لە ٦ی ئایارەوە هەتا ئێستا نزیکەی ٨٠ هەزار فەلەستینی ناچاربوون شاری رەفەح لە باشووری کەرتی غەززە بەجیبهێڵن.

ڕێکخراوی پەنابەرانی فەلەستینی نەتەوەیەکگرتووەکان (UNRWA) لەسەر میدیایی دیجیتاڵی ئێکس بەیانامەیەکی داوە و دەڵێت: "لە ٦ی ئایارەوە کە هێزەکانی ئیسرائیل ئۆپراسیۆنەکانی خۆی زیادکردووە، نزیکەی ٨٠ هەزار فەلەستینی بۆ ئەوەی بچنە هەرێمەکانی تر، شاری رەفەحیان جێهێشتووە. ئەو بنەماڵە فەلەستیانە ڕووبەڕووی ئازار و مەینەتی زۆر بوونەتەوە."

ڕێکخراوی پەنابەرانی فەلەستینی نەتەوەیەکگرتووەکان (UNRWA) ڕایگەیاند هیچ جێگەیەکی ئارامی ژیانکردن لە کەرتی غەززەدا نەماوە.

دەرنجامی ئاماری هێرشەکانی ئیسرائیل هەتابێت زیاتر دەبێت، بە گوێرە راگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی حەماس لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ٦٠ کەس کوژراون. ئەوەشی راگەیاندووە کە لە سەرەتای شەڕەکەوە لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە تائێستا ٣٤ هەزار و ٩٠٤ کەس کوژراون و ٧٨ هەزار و ٥١٤ کەسیش برینداربوون.