نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەمساڵ لانی کەم ٣٤٥ کەس لەنێویاندا ١٥ ژن، لەلایەن ئێرانەوە لەسێدارە دراون
کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئەمساڵ لانی کەم ٣٤٥ کەس لەنێویاندا ١٥ ژن، لەلایەن ئێرانەوە لەسێدارە دراون.
کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئەمساڵ لانی کەم ٣٤٥ کەس لەنێویاندا ١٥ ژن، لەلایەن ئێرانەوە لەسێدارە دراون.
ئۆفیسی کۆمیسیاری باڵای ڕایگەیاند لە مانگی تەمموز ٣٨ کەس لە ئێران لەسێدارە دراون و گوتی "ژمارەی ئەو کەسانەی ئەمساڵ لەسێدارە دراون گەیشتووەتە ٣٤٥ کەس و ١٥ ژن لەخۆدەگرێت".
بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ەوە نیوەی ئەو لەسێدارەدانانەی کە ئەنجام دراون، بۆ تاوانی مادەی هۆشبەرە.
وتەبێژی کۆمیساری مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ، لیز ترۆسێل گوتی: "کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڤۆڵکەر تورک، زۆر نیگەرانە لەم ڕاپۆرتانە".
هەروەها ڕایگەیاند ئەم ژمارانە جێگەی نیگەرانین و ئەم کارە لەدەرەوەی پێوەرەکانی مافی مرۆڤی نێونەتەوەییە.
هاوکات جەختی کردەوە، زۆرجار بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵە و پارێزەرەکان، ئەو کەسانەیان لەسێدارە داوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین جار داوای لە ئێران کردووە سزای لەسێدارەدان هەڵبگرێت.
چالاکوانان ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرامبەر بڕیارەکانی لەسێدارەدانی ئێران، کە وەک ئامرازێک بۆ ترساندن لەبەرامبەر سەرهەڵدانی ژن ژیان ئازادی، بەکاردەهێنرێت.
ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند لە ٧ ی ئاب لە کەرەجی نزیکی تاران، ٢٦ کەس بەشێوەی کۆمەڵ لەسێدارە دراون، هەمان ڕۆژ، ٣ کەس لە زیندانێکی تری هەمان شار لەسێدارە دراون.