نزیکەی ٦٠ رێکخراو داوا لە یەکێتی ئەورپا دەکەن گوشار لە ئیسرائیل بکات

نزیکەی ٦٠ ڕێکخراوی بەرگریکار لە ئازادی ڕاگەیاندن دوایان لە یەکێتی ئەوروپا کرد گوشار لە ئیسرائیل بکات.

کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان (سی پی جی)، پەیامنێرانی بێسنور (RSF)، ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ و بەدەیان لە ڕێکخراوەکانی ڕاگەیاندنی کۆمەڵگەی مەدەنی بە ناردنی نامەیەک دوایان لە یەکێتی ئەوروپا کرد گوشار لە ئیسرائیل بکات.

لە نامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە حکومەتەکەی بنیامین ناتانیاهۆ لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە بە پیادەکردنی ڕێوشوێنی توند چەندین ئاستەنگی بۆ ئازادی میدیایی درووستکردووە، ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی سیستەمی سانسۆر بێتەئاراوە.

هەر لەنامەکەدا داوا لە بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێف بۆریل و کۆمیسیاری بەرپرس لە بازرگانی ڤاڵدس دۆمبرۆڤکس کراوە ئەو ڕێککەوتننامانە بازرگانیانە هەڵبوەشێنرێتەوە و لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێت کە مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکەن.

دوابەدای شەڕی سەر کەرتی غەززەوە لە ٧ی تشریینی یەکەمەوە بەدیاریکراوی؛ ٢ ڕۆژنامەوان لە ئیسرائیل، ٣ ڕۆژنامەوان لە لوبنان و زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژنامەوان لە فەڵەستین گیانیان لەدەستداوە، ئەم قۆناغە بۆ راگەیاندن بووە بە "کوشندەترین سەردەم" لەم ساڵانەی کۆتاییدا.

هەر لەنامەکەدا داوا لە وەزیری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا کراوە، لە پێش کۆبوونەوەی ٢٩ی ئابی برۆکسل، ئازادی میدیایی و گیانی ڕۆژنامەوانان بپارێزێ و کۆتایی بە بێ سزا قوتاربوونی تاوانکارن بهێنرێت.