پەرلەمانتارانی فەرەنسا: ڕۆژئاوا مۆدێلێک پێشکەش دەکات؛ دەبێت بپارێزرێت

پەرلەمانتارانی بەرەی گەلی نوێی فەرەنسا سەبارەت بە پێشهاتەکانی سوریا ڕایانگەیاند؛ ڕۆژئاوا لەم پڕۆسەیەدا مۆدێلێکی نوێ پێشکەش دەکات و داوایان کرد، پێویستە ئەم سیستەمە لە هێرشەکانی تورکیا بپارێزرێت.

هاوکات لەگەڵ دوایین پێشهاتەکانی سوریا، گرنگی سیستەمی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دیسان لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا کەوتەوە ڕەوژەڤەوە. پەرلەمانتارانی بەرەی گەلی نوێی فەرەنسا و بزووتنەوەی بەرخۆدانی فەرەنسا سەبارەت بە پێشهاتەکانی ناوچەکە راگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە، لە راگەیەندراوەکەیاندا جەختیان لە گرنگی مۆدێلی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ئایندەی سوریا کردەوە.

 داهاتووی سوریا پەیوەندی بە گەلانی سوریاوە هەیە

 لە راگەیەندراوەکەدا کە بەناونیشانی، "داهاتووی سوریا پەیوەندی بە گەلانی سوریاوە هەیە"، وتراوە: "ڕژێمی ئەسەد ڕووخا، کەس لەوبارەوە نیگەران نییە. بەڵکوو پێویستە بە تاوانی قورس دادگایی بکرێت...

 بەڵام پێویستە پەیوەندی قووڵی سەرۆک و هاوپەیمانی ئەو شەڕکەرانەی کە شکستیان پێ هێنا، بە وردی لە گەڵ قاعیدە هەڵسەنگێندرێت.  بۆیە پێویستە گەلانی سوریا بە زووترین کات جەخت لەسەر ئایندەی خۆیان بکەنەوە. گەلانی سوریا پێویستە هەموو دەرفەتەکان بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری، ئاشتی ناوخۆیی و ئاوەدانکردنەوەی ناوخۆیی خۆیان بەکار بێنن.

 مۆدێلی ڕۆژئاوا دەبێت بپارێزرێت

 لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پێویستە ئەو مۆدێلەی کە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا جێگیری کردووە بپارێزرێت و ئەوەش ڕاگەیەندراوە: "حکومەتی ڕۆژئاوا بە بەشداری گەلانی کورد و عەرەب، سوریان و گەلانی دیکە وەک مۆدێلێک پێک هاتووە. دەبێت ئەم مۆدێله  له هەڕەشە و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بپارێزرێت.

هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا بانگەوازی کراوە کە نابێت هێزە هەرێمی و جیهانییەکان لە کاروباری ناوخۆی سوریا دەستوەردان بکەن و ڕاگەیەندراوە نابێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکەدا شەڕ وەکوو ڕێبازێک بەکار بهێندرێت.