پەرلەمانی فەرەنسا کۆمەڵکوژیی ١٧ی تشرینی یەکەمی١٩٦١ی دژ بە جەزائیری شەرمەزار کرد

ڕۆژی پێنجشەممە پەرلەمانی نیشتمانی فەرەنسا ئەو پێشنیازەی پەسەند کرد کە "کۆمەڵکوژییەکەی ١٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٦١ لەلایەن مۆریس پاپۆنی بەڕێوەبەری ئاسایشەوە دژی جەزائیرییەکان شەرمەزار دەکات."

کۆمەڵکوژی جەزائیر

 ئیتر بەم پێشنیازە هیوا هەیە ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکە لە ڕۆژانی نیشتیمانی و مەراسیمە فەرمییەکانی وڵات زیاد بکرێت.

٦٣ ساڵ لەمەوبەر نزیکەی ٣٠ هەزار جەزائیری لە خۆپیشاندانێکی ئاشتیانە لە پاریس کۆبوونەوە و لەلایەن پۆلیسەوە گەمارۆ دران و هێرش کرایە سەریان.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لەئەنجامی ڕووداوەکەدا ٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی ٦٠ کەسیش برینداربوون. بەڵام بە بووچوونی مێژوونووسان بە دەیان کەس کوژراون. مەزەندە دەکرێت ٣٠ بۆ ٢٠٠ کەس کوژراون.

لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا "تاوانەکەی مۆریس پاپۆنی لە چوارچێوەی کۆماردا بە کردەوەیەکی قبوڵنەکراو ناساند و پرۆسەی دانپێدانانی دەست پێکرد."

هەروەها لە ساڵی ٢٠١٢دا، سەرۆکی ئەوکاتی فەرەنسا، فرانسوا ئۆلاند، ڕێزی خۆی بۆ قوربانیەکان دانا کە بۆ مافی سەربەخۆیی ڕژا بوونە سەر شەقامەکان.

بەپێی خەمڵاندنەکان، سەرۆکی جەزائیر، عەبدولمەجید تێبون، لە کۆتایی مانگی ئەیلول یان سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم سەردانی حکوومەتی فەرەنسا بکات. هەروەها شیمانە دەکرێت لەم سەردانەدا مەراسیمی یادکردنەوەی قوربانییەکان بەڕێوەبچێت.