لە بەرگیش گلادباخ مەراسیمی پرسە بۆ حاجی ئەحمەدی یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەژاک کە لە ٢٠ی ئادار لە شاری کۆڵن کۆچی دوایی کرد بەڕێوەچوو، مەراسیمەکە لەلایەن کەنەکەوە ڕێکخرابوو.
لە مەراسیمەکەدا وێنەی ڕێبەر ئاپۆ، ئاڵای پەژاک هەڵواسرابوو، هەروەها وێنەکانی ژیان و تێکۆشانی حاجی ئەحمەدی دانرابوو.
لە مەراسیمەکەدا بنەماڵەی حاجی ئەحمەدی، نوێنەرانی کەنەکە، پەژاک، سیاسەتمەداران، ڕۆشنبیران، نوێنەری ڕێکخراوە کوردییەکان، هونەرمەندان، ڕۆژنامەنووسان و نووسەران ئامادەبوون.
تەرمەکە لە نەخۆشخانە وەرگیرایەوە و بە سەر شان هەتا هۆڵی پرسەکە گواسترایەوە. دواتر سروودی نەتەوەیی کورد "ئەی ڕەقیب" خوێندرا و پاش خولەکێک بێدەنگی بۆ یادی شەهیدان مەراسیمەکە دەستی پێکرد.
بە ناوی پەژاکەوە ئیبراهیم عەلیپوور قسەی کرد و باسی لە کەسایەتی و پێگەی سیاسی، خەبات و تێکۆشانی حاجی ئەحمەدی بۆ گەلی کورد کرد. پاشان ئەمیر کەریمی هاوسەرۆکی پەژاک وتی: "حاجی ئەحمەدی گیانی خۆی لە پێناو تێکۆشانی گەلی کورددا بەخت کرد، بۆیە شەهیدی تێکۆشان و ئازادی کوردستانە و بیرەوەرییەکانی لە تێکۆشانی ئێمەدا دەژین."
هەروەها هاوسەرۆکی کەنەکە، ئەحمەد کاراموس ڕایگەیاند؛ "حاجی ئەحمەدی لە تەمەنی ٢٢ساڵیدا ڕووی لە ئەوروپا کرد و لە پێناو دۆزی رەوای گەلی کوردستاندا تێکۆشانی کرد و گیانی خۆی بەخت کرد، ئەو پارێزەری پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و وڵاتپارێزی بوو."
نیلوفەر کۆچ، وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەنەکە ڕایگەیاند؛ "من زۆر شت لە هەڤاڵ حاجی ئەحمەدی فێربووم، لە سیاسەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر هاوکاری کردم، بۆیە بەڵێن دەدەم درێژە بە تێکۆشانی بدەم."
شۆرش سەدەفی لەسەر بنەماڵەی حاجی ئەحمەدی قسەی کرد.
پاشان کورتە فیلمێک لەسەر خەبات و ژیانی حاجی ئەحمەدی نمایشکرا.
هەروەها لە مەراسیمەکەدا ڕەمزی کارتاڵ هاوسەرۆکی کۆنگرە گەل و زوبەیر ئایدار ئەندامی کۆنسەی بەرێوەبەری کەجەکە لە ڕێگەی سکایپەوە بەشدارییان لە مەراسیمەکەیان کرد و وتاریان پێشکەش کرد.
ڕەمزی کارتاڵ ڕایگەیاند؛ "زۆر خۆشحاڵم کە کەسایەتی حاجی ئەحمەدیم ناسی، ٣١ ساڵ لە ئەورووپا پێکەوە کارمان کردووە، لە پێناو چوار پارچەی کوردستان تێکۆشانی کرد و گیانی خۆی بەخت کرد، ئێمە وەک هەڤاڵانی درێژە بە تێکۆشانی دەدەین، بە حورمەتەوە یادی بەرز ڕادەگرین."
هەروەها زوبەیر ئایدار رایگەیاند؛ "ئێمە سەربەرزین بە هاڤاڵەتیمان لەگەڵ حاجی ئەحمەدی، ڕۆڵێکی گرینگی لە یەکێتی گەلی کورددا گێڕا، بەڵێن دەدەین دەستبەرداری خەونەکانی سەردەمی منداڵی نابین."
پاشان ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند؛ "حاجی ئەحمەدی میراتێکی گەورە و بەنرخی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە، ئێمەش بەڵێن دەدەین ڕێبازی درێژە پێدەدین."
هەروەها لە مەراسیمەکەدا یەکێتی نیشتمانی، پارتی ئیسلامی کوردستان، کەژار و نوێنەرانی سیاسی لایەنەکانی دیکە پەیامی خۆیان پێشکەش کرد. پاش وتارەکان تەرمی حاجی ئەحمەدی بۆ بەخاک سپاردن بەڕێکرا.