پەیامنێرانی بێسنور: لە ساڵی ٢٠٢٠دا زیاتر لە ٥٠ رۆژنامەنووس کوژراون

بەپێێ راپۆرتێکی رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنور، لە ساڵی ٢٠٢٠دا زیاتر لە ٥٠ رۆژنامەنووس کوژراون. لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردووشدا لە جیهاندا ٩٣٧ رۆژنامەنووس کوژراون.

رێکخراوی پەیامنێرانی بیسنور ئامارێکی لەبارەی کوشتنی رۆژنامەنووسان لەم ساڵدا بڵاوکردەوە.

بە پێێ راپۆرتەکە لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە سەرتاسەری جیهان زیاتر لە ٥٠ رۆژنامەنووس لە کاتی کارکردندا کوژراون.

لە راپۆرتەکەدا باسی ئەوە دەکرێت، دوو لەسەر سێی رۆژنامەنووسان لە دەرەوەی ناوچەکانی شەڕ کوژراون.

هەروەا ئاماژە بەوەدەکرێت، لە ١٢ی کانونی یەکەمدا رۆژنامەنووسی ئێرانی ڕوحوللا زەم لەسێدارەدرا و لە ماوەی ٣٠ ساڵی رابردوودا ئەمە یەکەم رۆژنامەنووسە کە لەسێدارە دەدرێت.

پەیامنێرانی بێسنور ئاماژەی بەوەکرد، لە ١٠ ساڵی رابردوودا بە گشتی لە هەموو جیهان، ٩٣٧ رۆژنامەنووس کوژراون.

مایکڵ ریدیسکی وتەبێژی رێکخراوەکە رایگەیاند، بڵاوکردنەوەی هەواڵ لەبارەی گەندەڵی و مافیاکان، هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر رۆژنامەنووسان.

هەروەها وتیشی، عێراق، ئەفغانستان، مەکسیک، هیندستان و پاکستان، مەترسیدارترین وڵاتن بۆ رۆژنامەنووسان.

لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە مەکسیک هەشت رۆژنامەنووس کوژراون و لە ساڵی ٢٠١٥ەوە و تا ئێستا١١ رۆژنامەنووس بەهۆی هەواڵەکانیانەوە کوژراون.

لە عێراقیش شەش رۆژنامەنووس و لە ئەفغانستانیش پێنج رۆژنامەنووس لەم ساڵدا کوژراون.

لە هیندستان ٤ رۆژنامەنووس و لە پاکستانیش چوار رۆژنامەنووس بەهۆی ئەوەی هەواڵیان لەسەر گەندەڵی دروست کردووە، کوژراون.

ف.ق