دڵگەش زیلان گوزەڕەش (فەرهاد ئاکدەنیز) لە گوندی گوزەڕەشی ناوچەی گەڤەری جۆلەمێرگ لە ناو بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز چاوی بە جیهان پشکوت. بنەماڵەکەی لە ساڵی ١٩٩١ ناچاربوون بەهۆی گوشارەکانی دوژمنەوە لە گوندەکەیان کۆچ بکەن و رووبکەنە ناو شاری جۆلەمێرگ.
سەرباری گوشارەکانی دەوڵەت، بنەماڵەکەی سازشیان لە سەر شکۆمەندی خۆیان نەکرد و خاوەنداریان لە بەهاکانیان کرد. ئەو هەڵوێستەی بنەماڵەکەی کاریگەری زۆری لەسەر فەرهاد ئاکدەنیز دانا. دوای ئەوەی کچە خاڵێکی شەهیدبوو، هەروەها بەرخودانی گەریلا و هێرشە دڕندانەکانی دەوڵەتی لە بەرامبەر گەلی کورد بینی لە ساڵی ٢٠١٠ بڕیاریدا بەشداری ریزەکانی گەریلا ببێت. دڵگەش زیلان گوزەڕەش دوای بەشداربوونی بەرەو ژیانێکی نوێ هەنگاوی نا.
دڵگەش زیلان لە خواکورک دەستی بە گەریلایەتی کرد و لەوێ بەشداری لە پەروەردەدا کرد. گەریلایەتی بۆ ئەو تەنیا رێبازێکی ژیان نەبوو، لە هەمان کاتدا پاراستنی شکۆی مرۆڤایەتی و حەقیقەت بوو. لەبەر ئەوە گەریلایەتی بەلای ئەوەوە بابەتێکی شکۆمەندی و بەرپرسیارێتی بوو. لە باشور، رۆژئاوا و زۆر ناوچەی باکوری کوردستان گەریلایەتی کرد و بووە شەڕڤانێکی پێشەنگ.
دڵگەش زیلان ٢٦ی ئابی ٢٠٢٣ لە ناوچەی فارقینی ئامەد لە هێرشێکی دوژمندا لەگەڵ هاوڕێیانی بەرخودان فارقین (حانیفی سایگی) و مەروان وان (موحتەرەم کۆچ) شەهیدبوو.
گەلێک کە لە رێگەی پەکەکەوە خۆی ناسی
دڵگەش زیلان وەک گەریلایەک بە کەسایەتی خۆی و تێگەیشتنی وردەکارییەکانی ژیان دەناسرا و پێداگری خۆی هەندێک جار بە وتە، هەندێک جاریش بە تێکۆشان و شەڕ نیشان دەدا.
لەم نوسراوەدا دەمەوێت بەشێک لە رۆژنوس و یاداشتی رۆژانەی ئەو هاوبەشی پێبکەم و سەرنج رابکێشم بۆ سەر وتە و ئەندێشەکانی. لە رۆژنووسەکەیدا باس لە گرنگی ژیانی گەریلا و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی کەسیی خۆی دەکات. لە بەشێکی دیکەشدا باس لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە گارە و بەرخودانی هاوڕێیانی دەکات.
شەهید دڵگەش زیلان بەم جۆرە باسی لە تێکۆشان کردبوو: "ئەگەر مرۆڤ بیەوێت ژیانی گەریلا پێناسە بکات، ژیانێکی بەو جۆرەیە کە ئازایەتی و گیانبازی تێدا بەرجستەیە. کاتێک کە بۆ یەکەم جار من گەریلام ناسی، من ویستم بە وردی لەو ژیانە تێبکەم. گۆڕەپانەکانی گەریلا هەوارگەی شەڕی شکۆمەندی مرۆڤە قارەمانەکان بوو. وەک کوردێک لەو بڕوایەدام هەموو ئەوانەی بە خۆیان دەڵێن کورد، دەبێت لەناو ئەم تێکۆسانەدابن. لەبەر ئەوەی ئەگەر گەڕانێک بە دوای ئازادیدا هەبێت، بێگومان رێگەی ئەوە بەرەو ریزەکانی گەریلایە. بەشداربوونی من لە ناو ریزەکانی گەریلادا دابڕاو نییە لە راستی کۆمەڵایەتی ئێمە. لەلایەکەوە راستی دوژمن، لەلایەکەوە تێکۆشانی شکۆمەندانەی گەلەکەمان لە پێناو ژیان دا.. بە بڕیارێکی راست و تێکۆشانێکی لەخۆبووردوانە دەتوانێت هەردوو بابەتەکە چارەسەر بکرێن.
من خۆم ئەو کاتەی هەنگاوم نا بەرەو ژیانی گەریلا، تووشی دژواری و ئاڵنگاری زۆربووم. لەبەر ئەوەی کە وەک گەلی کورد ئێمە لەم رێگەوە ژیانی خۆیان ناسی و تێگەیشتن کە ئێمە کێین. پەکەکە رۆحێکی بەو جۆرەیە کە مرۆڤەکان دەگۆڕێت. بێگومان ئێمەش لە ئەنجامی ئەو حەقیقەتەدا پۆل پۆل زیاد دەکەین و گەورەدەبین. هێندەی هێزەکەمان بەشی بکات، بەرەو ئامانجەکەمان دەستمان بە رێپێوان کرد. لەناو ژیانی گەریلایەتیدا یەک لەو هاوڕێیانەی کاریگەری لەسەر من دانا رزگار ئامانۆسە. قسەیەکی هێشتا لە یادمدایە: 'مرۆڤێک ئەو کاتەی لەدایک دەبێت، وەک مرۆڤێکی بە شەرەف لەدایک دەبێت. کەس ناتوانێت ئەو شکۆ و شەرەفە لەو وەربگرێتەوە یاخود کۆتایی پێبهێنێت. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە مرۆڤ تاکۆتایی تەمەنی شەڕ بکات لەپێناو لەدەستنەدانی ئەو شەرەفە'. ئەو وتانەی هەڤاڵ رزگار ئامانۆس زۆر کاریگەری لەسەر دانام. لەسایەی ئەوە قسانەوە لە هەموو گۆڕەپانێکی تێکۆشان و لە هەر بڕیارێکدا بە تێگەیشتوویی و بەهێزی جوڵامەوە. ئەگەر ئەم دەربڕینە گونجاوبێت، ئەو قسانە بە منی نیشاندا کە کە فەرماندەیەک دەبێت چۆن شەر بکات و چ رۆڵێک بداتە شەڕڤانەکانی.
تا پەکەکە هەبێت تێکۆشانی ئازادی بەردەوام دەبێت
بێگومان ژمارەیەکی زۆر نمونە و ئەزمون لە ناو گەریلادا پێرسپێتیڤی نوێیان بە مندا. من بینیم کە بە تەنیا دەتوانم وەک سوپایەک رۆڵ بگێڕم، دەتوانم هێڵی عەگیدەکان، زیلانەکان، پارتەکەمان وێنا بکەم. ئێمە تۆڵەی چەندین ساڵ، مێژوو، شەهیدان بە دڵنیاییەوە دەکەینەوە. تێکۆشانی گەریلا ئێستا لە هەموو کات زیاتر بووەتە پێویستییەک. یا سەردەکەوین، یا سەردەکەوین. رێگەی دیکەمان نییە. ئەو بڕیارداری و پێداگرییە ئێمەی گەیاندە ئەم ئاستە. بەو ئەزمون و داواکارییەوە گەریلا سەردەکەوێت. لە مێژووی بزوتنەوەی ئازادیماندا بە بەرخودان و تێکۆشانیان هەموو کات قارەمان دەرکەوتوون.
ئەو قارەمانانە خاوەن رۆحی ئاپۆیین؛ هەرگیز خۆیان بەدەستەوە نەداوە، خیانەتیان قەبوڵ نەکردووە و بەردەوام بوونە پێشەنگی ئێمە. ئەو راستیەش تەنیا بە تێکۆشان و ئەزمونکردن دەتوانرێت پەی پێببرێت و لێی تێبگەین. ئێمە بەو هۆشمەندییەوە گەورە بووین. تا دوژمن هەبێت، ژیانێکی ئاراممان نابێت. تائێمە هەبین تێکۆشانمان لە دژی فاشیزم درێژەی دەبێت. تێکۆشانی قارەمانان جارێکی دیکە بە ئێمەی نیشاندا کە تا رۆحی پەکەکە هەبێت، بەرخودانی ئازادیمان بەردەوام دەبێت".