قەسەدە: هێرشەکان تێکشکێندران، بە دەیان چەتە کوژران

شەڕڤانانی قەسەدە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانیان بۆ سەر تشرین تێکشکاند. لە شەڕەکەدا بەدەیان چەتە کوژران، ٢ ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و ١٠ ئۆتۆمبێلی سەربازی لەناوبران.

ناوەندی ڕاگەیاندنی قەسەدە، سەبارەت بە بەرخۆدانی بەنداوی تشرین لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

ڕاگەیاندراوەکەی قەسەدە بەم شێوەیەیە:

سەرەڕای هاوکاری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورک و بەکارهێنانی تانک و زریپۆشی قورس، هێزەکانمان زیانێکی زۆریان بە هێزەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی گەیاند؛ ژمارەیەک چەتە کوژران، ئۆتۆمبێلە زریپۆشەکانیان، جێگای ڕادارەکانیان ڕووخێندرا و بنکە و کۆبوونەوەکانیان کرا بە ئامانج.

لە ئێوارەی یەکشەممەوە تا بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە ئاسمانی گوندەکانی بەنداوی تشریندا دەسوڕانەوە، لە هەمان کاتدا ناوچەکە بە تۆپ و مووشەک تۆپباران دەکران.

ڕۆژی شەممە کاتژمێر ١٣:٠٠ـی پاشنیوەڕۆ هێزەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی هێرشیان کردە سەر گوندەکانی عەلوش و تل عریش، هێزەکانمان وەڵامی هێرشەکەیان دایەوە و ئۆتۆمبێلێکی سەربازییان تێکشکاند، هەروەها کۆبوونەوەی چەتەکان لەلایەن یەکینەکانی شەهید هارونەوە کرایە ئامانج، شەڕێک ڕوویدا کە ٢ کاتژمێری خایاند و ئەوەندەی کە زانراوە دوو چەتە کوژراون و ئەوانی تریش لە بەرەکانی شەڕ هەڵاتوون، هێزەکانمان دوای شکاندنی هێرشەکە بە چەکی قورس هێرشیان کردە سەر کۆبوونەوەکانیان، بەڵام ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی چەتەکان و زیانەکانیان نەزانراوە.

ئۆتۆمبێلێکی سەربازی دوژمن کە هەوڵی پێشڕەوی بوو بەرەو خاڵەکانی شەڕڤانانمان لەلایەن یەکینەکانی شەهید هارونەوە تێکشکێنرا، دواتر دیمەنی بە ئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلەکە بڵاودەکەینەوە، هەروەها مینێک بە ئۆتۆمبێلی چەتەکاندا تەقیوەتەوە، بەڵام ژمارەی کوژراو و بریندارەکان نەزانراوە.

هێزەکانمان لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی گردی سیراتەلدا دوو زرێپۆشی چەتەکان و ئۆتۆمبێلێکی گواستنەوەی سەربازیشیان تێکشکاند، لە ئەنجامدا ژمارەیەک چەتش کوژران، کە هێشتا تەرمی چەتەکان لە زەوییە.

یەکینەکانی شەهید هارون، بە گشتی گورزیان لە ٢٧ خاڵ و کۆبوونەوەی هێزەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتاکانی وەشاندووە، لە نێویاندا ناوەندێکی ڕادار، زرێپۆشێک و پێنج ئۆتۆمبێلیان تێکشکاندووە و لە ٢١ خاڵی و کۆبوونەوەی چەتەکان دراوە و لە ئەنجامدا ژمارەیەک چەتە کوژران و بریندار بوون."