سعودیە خوێندنگە تورکییەکان دادەخات

بەرپرسانی عەرەبستانی سعودیە بە تورکیایان راگەیاندووە، بەلانیکەمەوە ٨ خوێندنگەى تورکی لە وڵاتەکەیاندا دادەخەن. ئەو بڕیارە دەبێتە دووەم بڕیاری سعودیە بۆ داخستنی خوێندنگە تورکییەکان.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی تورک، بەرپرسانی عەرەبستانی سعودیە بە ئەنقەرەیان راگەیاندووە، بەلانیکەمەوە ٨ خوێندنگەی تورکی لە وڵاتەکەیاندا دادەخەن.

بەپێی ئەو هەواڵانە، ئەو خوێندنگە تورکیانە لە کۆتایی ئەمساڵی خوێندندا بە تەواوەتی دادەخرێن، کە ٢ هەزار و ٢٥٠ خوێندکار تیایاندا دەخوێنن.

لەو بارەیەوە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا (AFP) بڵاویکردووەتەوە، دوای بڵاوبوونەوەى هەواڵی داخستنی خوێندنگە تورکییەکان لە سعودیە وەزارەتی پەروەردەی تورک داوای روونکردنەوەى کردووە، بەڵام وەڵامی نەدراوەتەوە. بە وتەى میدیاکانی تورک، ئەو بڕیارە دەبێتە هۆی "ناڕەزایەتیی توندی" ئەنقەرە.

ئەوە لە کاتێکدایە مانگی ئادار سعودیە ٥ خوێندنگەی تری تورکیی لە شاری مەککە داخستبوو.

بەهۆی قەیرانی نێوان تورکیا و سعودیەوە، عەرەبستانی سعودیە ساڵی ٢٠١٩ بڕیاری بایکۆتکردنی کاڵا و کەلوپەلی تورکیی دا و تاوەکو ئێستاش لە سعودیە کار بە بڕیاری بایکۆتی کاڵا و کەلوپەلی تورکی دەکرێت.

ژ.ت