سزاکانی ئەمریکا دژ بە تورکیا لە ٧ی نیسانەوە دەستپێدەکات

بەهۆی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێس – ٤٠٠ەوە، کە دەوڵەتی تورک لە رووسیای کڕیوە، ئەمریکا بڕیاریدابوو تورکیا سزا بدات. ئەو بڕیارە لە ٧ی نیسانەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لە چوارچێوەی یاسای كاتسا (CAATSA)، کە بریتییە لە "رووبەڕووبوونەوەی دوژمنانی ئەمریكا لەرێگەی سزادانەوە" سزاکانی ئەمریکا لە دژی تورکیا لە ٧ی نیسانەوە دەستپێدەکات.

لە چوارچێوەی ئەو یاسایەدا سەرۆکایەتیی کەرتی پیشەسازیی سەربازیی تورکیا و سەرۆکی ئەو کەرتە ئیسماعیل دەمیر و سێ بەرپرسی تری تورک لەو کەرتەدا سزا دەدرێن.

لەو چوارچێوەیەدا فاروق یگیت جێگری سەرۆکی پیشەسازیی سەربازیی تورکیا، بەڕێوەبەری دەستەى سەرۆکایەتیی فەرمانگەى پاراستنی ئاسمانیی و بۆشایی ئاسمانی، سەرۆکایەتیی پیشەسازیی سەربازیی تورکیا موستەفا ئالپەر و سەرۆکی فەرمانگەى بەرگری و بۆشایی ئاسمانی سەرحەد گەنچ ئۆغڵو دەکەونە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە و سزا دەدرێن.

بەپێی یاسای سزدانەکە، بەرهەمەکانی سەرۆکایەتی کەرتی پیشەسازیی بەرگریی سەربازیی تورکیا بۆ ئەمریکا قەدەغە دەکرێن، هەروەها ئەژمارە بانکییەکانی دەمیر و سێ کەسەکەى تر رادەگیرێن و ڤیزەپێدانیشیان سنووردار دەکرێت.

لە مانگی کانوونی یەکەمی  ٢٠٢٠دا بڕیاری ئەو سزادانە درابوو.

ژ.ت