سیاسەتمەداری کورد کەنعان ئایاز کە لەسەر داوای ئاڵمانیا لە قوبرس دەستگیرکرا و ڕادەستی ئاڵمانیا کرابووەوە ئەمڕۆ لە لایەن دادگای ویلایەتی هامبورگ دادگایی کرا و دادگا سزای ٤ ساڵ و ٣مانگ زیندانی بەسەردا سەپاند.
پێش دانیشتنی دادگا کوردستانیان لەبەردەم بینای دادگا بۆ پشتیوانی لە کەنعان ئایاز گردبونەوەیەکی ناڕەزاییان ئەنجامدا.
گردبونەوەکە لەلایەن کۆمیتەی پشتیوانی لە کەنعان ئایاز لە هامبورگ رێکخرابوو، بەدەیان کەس بەشدارییان لە ناڕەزاییەکەدا کرد، نووسەر و پارێزەری مافەکانی ژنان ئانژا فلاچ ڕایگەیاند کەنعان ئایاز لە بەرگری کردنەکەیدا وانەیەکی مرۆیی بە دادگا دا و وتی: "هاوسۆزی خۆتان نەک تەنها بۆ ئایاز بەڵکو بۆ هەموو زیندانیانی سیاسی نیشان بدەن. بڕیارەکە هەرچییەک بێت ئێمە بۆ ئازادکردنی کەنعان ئایاز و زیندانیانی سیاسی دیکە، بەردەوام دەبین لە چالاکییەکانمان."