"تورکیا بە دزییەوە پەیوەندیی لەگەڵ کەسێکی نزیکی حەفتەر هەیە"

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕیی هەواڵ و ناوەندی لێکۆڵینەوەی مۆندافیک، تورکیا لە لیبیا لە رێگەى چەتەکانییەوە لە دژی بەرەی خەلیفە حەفتەر شەڕ دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا بە دزییەوە پەیوەندیی لەگەڵی هەیە و چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەنجام دەدات.

بەپێی ماڵپەڕی مۆندافیک، کە ماڵپەڕێکی هەواڵی و ناوەندێکی لێکۆڵیینەوەی شیکارییە، بەڕێوەبەرێکی نهێنیی دەوڵەتی تورک لەلایەن ئاکەپەوە ئەرکدارکراوە بۆ ئەوەى لەگەڵ عەقیلە ساڵح سەرۆکی پەرلەمان لە  تۆبروق لە رۆژهەڵاتی لیبیا چاوپێکەوتن ئەنجام بدات. بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە بەم نزیکانە چاوپێکەوتنەکە لە نێوانیاندا ئەنجام بدرێت.

رووی سیاسیی حەفتەر

ئاماژە بەوەکراوە، کە عەقیلە ساڵح لە عەشیرەتی عوبەیدات لە رۆژهەڵاتی لیبیایە و کاریگەریی یەکلاکەرەوەی لەسەر سیاسەتی لیبیا هەیە، چونکە بونیاتی عەشایری لە لیبیا زۆر بەهێزە.

مۆندافیک باسی ئەوەشیکردوە، خەلیفە حەفتەریش لە عەشیرەیەکی ترە شاری سێرت لە رۆژئاوای وڵات و عەقیلە ساڵح چەندین ساڵە لەگەڵ حەفتەر پەیوەندییەکى هاوسەنگی دروستکردووە و ئەوەش یەکێکە لە هاوسەنگییە سیاسییە گرنگەکانی لیبیا و لە مانایەکی تردا عەقیلە بە رووی سیاسی حەفتەر دەناسریت.

ئەگەری ئەوە هەیە لیبیا بەرەو قۆناغێکی تر بڕوات

باسی ئەوەشکراوە، چاوپێکەوتنی تورکیا لەگەڵ عەقیلە ساڵح، کە پەیوەندیی بە سوپای نیشتمانیی لیبیاوە هەیە، پێشهاتێکی نوێیە.

ئاماژە بەوەشکراە، ئەو دۆخە دەتوانێت دانوستانەکانی ئەمدواییە بە ئاستێکی تر بگەیەنێت، کە ماوەیەکە بە بنبەست گەیشتوون.

ژ.ت