تەژەکە-ئە هێرشەکانی سەر چالاکی ئێشکگری ئازادی لە ستراسبۆرگ شەرمەزارکرد

تەڤگەری ژنانی کوردی ئەوروپا (تەژەکە-ئە) هێرشەکانی ٢٧ی گوڵانی لە دژی چالاکی ئێشکگری ئازادی شەرمەزارکرد. لە کاتێکدا ماوەی ١٢ ساڵە چالاکی ئێشکگری ئازادی لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا بەردەوامە.

شەرمەزارکردنی هێرشەکانی دژی ئێشکگری ئازادی

ڕۆژی ٢٧ی گوڵان گرووپێکی تورکی نەژادپەرست هێرشییان کردە سەر چالاکی 'ئێشکگری ئازادی' کە ماوەی ١٢ ساڵە بۆ مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕیبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و شکاندی گۆشەگیری بەردەوامە. لە کاتی بەڕێوەچوونی چالاکیەکەدا هێرشکەران هێرشیان کرد سەر چالاکیەکە و دروشم و تابلۆکانی چالاکییەکەیان شکاند و بڵاوەیان پێکرد.

پەوەیست بەو ڕووداوەوە تەژەکە-ئە بە ڕاگەیاندراوێکی نوسراو ئەو هێرشانەی شەرمەزارکرد و بانگەوازی لە دەوڵەتی فەرەنسا کرد لە دژی ئەم هەوڵە ئاژاوە گێڕیانە ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "چالاکی ئێشکگری ئازادی ماوەی ١٢ ساڵە بەردەوامە، ڕێکخستنەکانی ژن لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" چەندین چالاکییان ئەنجام داوە و نامەییان بۆ سی پی تی ناردووە، کە پێویستە ئەو دامەزراوەیە ئەرک و بەرپرسیارێتی یاسایی خۆی جێبەجێبکات و چیتر لە ئاست گۆشەگیری ئیمراڵی بێدەنگ نەبێت."

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا تەژەکە-ئە ئاماژەی بەوەداوە سیاسەتەکانی تواندنەوە، شەڕ و گوشار لە هەر چوار پارچەی کورستان زیاتر بوون و دەڵێت: "لەم ماوانەی کۆتاید لە ئەوروپا، کە خۆی بە پارێزەری ئارامی و دیموکراسی پێناس دەکات، لە چوارچێوەی سیاسەتی تاوانبارکردنی کورداندا چەندین هێرشی جۆربەجۆر کراوەتە سەر کوردان. ئەم هێرشانە دەرخەری ئەوەیە دەوڵەتی فەرەنسا بووە بە ئامرازی سیاسەتی قڕکردنی کوردان کە لەلایەن تورکی فاشیستەوە بەڕێوەدەبرێت. ئامانجی ئەم هێرشانە بۆ ترساندن و چەوساندنەوەیە، کە هەرگیز ناتوانێت هەنگاوێک بمان کشێنێتەوە. بە پێچەوانەوە ئەم هێرشانە بوون بە هۆکارێک کە زیاتر تێبکۆشین."

لەم ڕووەوە هێرشەکان لە دژی ئێشکگیری دادپەرەوەری شەرمەزار دەکەین و بانگەوازی لە دەوڵەتی فەرەنسا دەکەین لە دژی ئەم هەوڵە ئاژاوەگێڕیانە ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر."