وڵاتانی سەر دەریای سپیی ناوەڕاست لە ئاگردا دەسوتێن

لە دارستانی وڵاتانی سەر دەریای سپیی ناوەڕاست دا چەندین ئاگری گەورە کەوتوونەتەوە. گوندەکانی باکووری پایتەختی ئەسینای وڵاتی یونان بەهۆی تەشەنەى ئاگرەکانەوە چۆڵکراون.

دوێنێ سێشەممە لە ٨٠ شوێنی یوناندا ئاگر لە دارستانەکان و ناوچە شاخاوییەکاندا کەوتەوە. بەپێی زانیارییەکانی بەرگریی شارستانیی یونان، ئاگری ٤٠ شوێنیان چالاک و بە گوڕن.

لە یونان پلەکانی گەرما بەرزبوووەتەوە بۆ دەورووبەری ٤٥ پلەی سەدی.

میخالیس کریسۆهۆیدیس سەرۆکی یەکەی بەرگریی شارستانیی یونان لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بۆ ئێمە گرنگ ئەوەیە، کە ژیانی مرۆڤەکان رزگار بکەین، لەبەر ئەوەش گوندەکانمان چۆڵکرد".

هەفتەی رابردوو دوای ئاگرکەوتنەوە لە چیای پانتییە، ئەمجارە لە سێ شوێنی چیای پارنیس ئاگرکەوتەوە. پارنیس یەکێک لەو سێ چیایەیە، کە وەک بازنە بە دەوری شاری ئەسینادان و ئەو شارەیان گەمارۆداوە. دوکەڵی ئاگرەکە بەسەر پایتەختی یونان دا بڵابووەتەوە. ٣ گوندی ناوچەکەش چۆڵکراون.

سەرۆک شارەوانیی ئاچارانی سپیرۆس ڤریتۆس بە تەلەفزیۆنی سکای رایگەیاند، "ئەوە تراژیدیایە، بەڵام ئەوەى باشە، کە مەترسیی لەسەر ژیانی هیچ کەسێک نییە".

لە تورکیا بەهۆی ئاگرەکانەوە ٨ کەس گیانیان لە دەستداوە. بەهۆی ئاگرەکانەوە وێستگەى کارەبای هەڵمەیی میلاس لە مەترسیدایە. دوای نیوەڕۆی سێشەممە هێشتا ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکرابوو. محەمەد تۆکات سەرۆک شارەوانیی میلاس لە تویتەر بڵاویکردەوە، "دۆخەکە زۆر قورسە. کەلوپەل و پێداویستییەکان بۆ کوژاندنەوە گەیشتوونەتە نزیک وێستگەکە. ئەگەر لە توانادا هەبێت دەبێت بە خێرایی فڕۆکە، یان کۆپتەر، کە توانای بینینی شەویان هەیە بۆ ئێرە رەوانە بکرێن".

گەورەترین ئاگرەکانی ئەم ١٠ ساڵەی دوایی لە تورکیا کەوتوونەتەوە. لەو ئاگرانەدا رووبەرێکی بەرفراوانی دارستانەکان، زەوییە کشتوکاڵییەکان، ژینگە و لێوارەکانی دەریای ئیجە و ئاکدەنیز سوتاون.

ئاژانسی بۆشایگەریی ئەوروپا رایگەیاند، لە ناوچە شاخاویی و وشەکانییەکاندا هەندێک جار پلەکانی گەرمان دەگەیشتە ٥٠ پلەى سەدی.

بەهۆی ئاگرەکەوە لە ناوچەى گجرۆکاسترال لە ئەرناوتلوک پیاوێکی تەمەن ٦٤ گیانی لە دەستدا. سەدان ئاگرکوژێنەوە و سەرباز هەوڵ دەدەن ئاگرەکان لە دەیان شوێن بکوژێننەوە، بەڵام تاوەکو ئێوارەی دوێنێ هێشتا ئاگر لە ٩ شوێندا بەردەامیی هەبوو.

جگە لە یونان و تورکیا ژمارەیەکیش ئاگر لە ئیتالیا و وڵاتانی تری سەر دەریای سپیی ناوەڕاست کەوتوونەتەوە.

ژ.ت