عومەر ئۆجالان: پێویستە دەستبەجێ بچینە ئیمراڵی و دەبێت هەمووان پشتیوان بن

پەڕلەمانتاری بازنەی رحای دەم پارتی، عومەر ئۆجالان وتی: "داوادەکەین دەستبەجێ لەگەڵ بەڕێز ئۆجالاندا چاوپێکەوتن بکەین. پێویستە هەمووان پشتگیر بن. پێویستە هەموو کەسێک لەم شەڕەدا داوای لێپرسینەوە بکات."

عومەر ئۆجالان پەڕلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە بازنەی ڕحا و هاوکات برازای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەربارەی گۆشەگیری سەختی ئیمراڵی و کەمپینە بەردەوامەکان بۆ ئاژانسی میزۆپۆتامیا قسەیکرد.

عومەر ئۆجالان باسی لەوەکرد زۆری نەماوە بۆ ساڵوەگەڕی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی کە لە دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨دا ئەنجامدرا و وتی: "بەڕیز ئۆجالان لە دەرەوەی یاسا نەتەوەیی و نێونەتەوەیەکان دەستگیرکراوە، کە لە سوریا دەرکرا و بەشێوەیەکی نایاسایی هێنایەنەوە بۆ تورکیا. یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێلکرا، بەڕێز ئۆجالانیان لە هەموو مافێک بێبەشکرا. لەو ڕێکەوتەی کە شێخ سەعیدی تێدا لە سێدارەدرا، سزای هەتا هەتاییان بەسەر بەڕێز ئۆجالاندا بڕییەوە. بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان وەک زیندانییەکی سیاسی بەدیلگیرا."

عومەر ئۆجالان ئاماژەی بەوەدا بڕیاری پێشێلکردنی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠١٤دا کاریگەرە و بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانیدا: " بەڵام وا ١٠ ساڵ تێپەڕدەبێت و تورکیا هیچ هەنگاوێکی نەگرتەبەر. دەبوو پەڕلەمان هەندێک گۆڕانکاری لە بارەی یاسای جێبەجێکردنەوە بکردایە. دواجار لیژنەکە ٣ ساڵ لەمەوپێش جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەی خستە ڕۆژەڤی خۆیەوە. تورکیا بە کودەتا و وتنی 'لە ناوخۆدا دژ بە تیرۆر تێدەکۆشین' هیچ حسابێکی بۆ ئەم بڕیارە نەکرد. لەو کۆبوونەوانەدا کە لەم بوارەدا کراوە بڕیارێکی  چۆن دراوە نازانین. بەڵام لە تورکیادا کاتێک باسی بەڕێز ئۆجالان و کورد دەکرێت پێویستە شیکاری بکرێت. لەم بابەتەدا هیچ مافێک جێبەجێناکرێت."

'لە ئیمراڵییەوە دەستیانپێکرد، مافی نێونەتەوەییان پێشێلکرد'

عومەر ئۆجالان باسی لەوەکرد کۆمیتەکە دەسەڵاتی جێبەجێکردنی ئەو ڕێوشوێنانەی هەیە بۆ تورکیا، وەک ئەوەی لە ئازەرباینجان جێبەجێکراون و وتی: "بۆچی هەمان پرۆسە بۆ تورکیا جێبەجێ نەکرێت؟ دۆخی ستراتیژی ئازەربایجان جیاوازە، دۆخی تورکیا جیاوازە. ئەو بازرگانییەی کە تورکیا ماوەیەکی درێژە لەگەڵ دامەزراوەکانی ئەوروپادا دەیکات بەردەوامە. بابەتی پەنابەرانی کردووە بە بابەتی بازرگانی بەرامبەر بە ئەوروپا، نەک تەنها بریاری بەرامبەر بە بەڕێز ئۆجالان، بڕیارەکانی بەرامبەر بە عوسمان کاڤالا، سەڵاحەدین دمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ و جان ئاتاییش بوونی هەیە. تورکیا هەم یاساکانی خۆی و هەمیش یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکات، ئەمەشی لە ئیمراڵییەوە دەستیپێکرد."

'جگە لە بەرخۆدان هیچ بژاردەیەکی دیکە نیە'

عومەر ئۆجالان ئاماژەی بەوەدا ماوەی ٤٢ مانگە هیچ زانیارییەک لە ئیمراڵییەوە نیە و شەرمەزاری ئەو ڕێکارانەی کرد و وتی: "بەرژەوەندی نێونەتەوەی پێش هەموو شتێک کەوتووە. ئەم بەرژوەندییانە تورکیای شێتترکردووە. بۆیە جگە لە بەرخۆدان لە دژی ئەم کەموکوڕیانەی تورکیا هیچ بژاردەیەکی دیکە نیە."

"گردبوونەوەی ١٣ی تشرینی یەکەم زۆر گرنگە دەبێت هەمووان بەشدار بن"

ئۆجالان ئەوەی خستەڕوو کە بە سیاسەتی گۆشەگیری دەیانەوێت عەبدوڵا ئۆجالان لە بیر ببەنەوە و بەم جۆرە دوا: "دەوڵەت نەیتوانی وابکات کە بەڕێز ئۆجالان لەبیر بکرێت. کێشەکان ئەگەر لەگەڵ کورد بە ئاشتیانە تاوتوێ نەکرێن، ئەگەر لەگەڵ بەردەنگەکان کۆنەبنەوە، قووڵتر دەبنەوە. سیاسەتی لەبیربردنەوەی ٩ ساڵی رابردوو بە تێکۆشان پوچەڵکرایەوە".

ئۆجالان سەرنجی راکێشا بۆ سەر هەڵمەتی ئازادی بۆ عەبدووڵا ئۆجالان و بەم جۆرە بەردەوام بوو: "دەبێت هەمووان لە هەموو کات زیاتر بەشداری هەڵمەتەکان بکەن. ناونیشانی چارەسەری دیارە. ئەگەر ئەمڕۆ ئەو ئەرکەی دەکەوێتە ئەستۆمان بە جێی نەگەیەنین، کەی بەجێی بگەیەنین؟ گردبوونەوەی ١٣ی تشرینی یەکەمی ئامەد گرنگە. دەبێت لە هەر چوار لای کوردستان و گەورەشارەکانی تورکیاوە بەشداربن. دەبێت سەندیکان پارێزەران، هەموو بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ، ئۆپۆزسیۆن قسەیان هەبێت. گەلی کورد سەدان ساڵە لەپێناو ناسنامە و زمانەکەی تێدەکۆشێت. دەبێت هەمووان لە دووەم سەدەی کۆماردا بەو سیاسەتانە بڵێت بەسە".

ئێمە وەک بنەماڵە داوا دەکەین دەستبەجێ دیدار لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان ئەنجام بدەین. دەبێت هەمووان پستیوانی لەو داواکارییە بکەن. کورد لەبەردەم بەرپرسیارێتیەکی مێژووییدایە. بۆ ئەوەی ئەو دەرفەتە مێژووییە بەفیڕۆ نەچێت، دەبێت پشتیوانی دەرببرن. بەڕێز ئۆجالان رێبەری گەلی کوردە و ٤٢ مانگە هیچ هەواڵ و زانیارییەک لەبارەیەوە نازانرێت. دەبێت گەلەکەمان بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە ئۆجالان جێبەجێ بکات".

'دەبێت هەمووان لێپێچینەوە لەو شەڕە بکەن'

ئۆجالان لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لەوەکرد کە جێبەجێنەکردنی یاسا زۆر زیانی بە گەلان لە تورکیا گەیاندووە و بەم جۆرە دوا: "کوردستان کراوەتە جوگرافیا و گۆڕەپانی شەڕ. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەڕی جیهانی سێهەم سەپێندراوە. ئەوەش زیان بە هەموو گەلانی تورکیا دەگەیەنێت کە لە گەورەشارەکاندا دەژین. یەک لە سەر ١٠ی بودجەی ئەم وڵاتە بۆ شەر لە دژی کوردان تەرخان کراوە. هەندێک سود لەم شەڕە چەپەڵە وەردەگرن، بەرتیل و رانت هەیە. لە قاچاخی چەکەوە تا ماددەی هۆشبەر، لە ژێر پەردەی ئەم شەڕەدا دەکرێت. دەبێت هەمووان لێپێچینەوە لەم شەرە بکەن. بە وتنی وڵات، نەتەوە، ساکاریا مرۆڤەکان دەخەڵەتێنن. هەوڵ دەدەن کە بە وتنی 'دەوڵەت لەناو دەچێت' رەوایەتی بە شەڕ لە دژی کوردان بدەن. ئەگەر ئابوری تورکیا کەوتووەتە ئەم دۆخەوە ئەمەش بە هۆی نکۆڵی کردنەوەیە لە کوردەکان".