ئاماری شەڕی نێوان ئیسرائیل و غەززە رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت

لە ٢٣یەمین ڕۆژی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردومانکردنی غەززە. نزیکەی ٨ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ٤٥٠ شوێن بۆردومان کراون.

شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە ٢٣هەمین ڕۆژی خۆیدایە. سوپای ئیسرائیل بەبێ پچڕان بەردەوامە لە بۆردومانکردنی ناوچەکە. ئەو شتانەی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ڕوویانداوە:

ئامارەکان: وەزارەتی تەندروستی بزووتنەوەی حەماس ئاشکرای کرد کە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە تا  ئێستا زیاتر لە ٨ هەزار کەس لە غەززە کوژراون. وەزارەتەکە شەوی شەممە بەیاننامەیەکی بۆ ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوکردەوە و لە بەیاننامەکەدا ڕایگەیەندرا: ژمارەی کوژراوانی هێرشەکەی ئیسرائیل ٨ هەزار کەسی تێپەڕاندووە، نیوەیان منداڵن.

٤٥٠ ئامانج بۆردومان کران: سوپای ئیسرائیل ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە "زیاتر لە ٤٥٠ ئامانجی سەربازی"یان بۆردومان کردووە. ئاشکرایە کە بریارگە، خاڵەکانی چاودێری و چەکی دژە تانکیش کەناو ئامانجەکاندا بوون.

ئۆپەراسیۆنی زەمینی: سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە یەکەکانی بە زەمینی بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کردووە. هەروەها لە ئۆپەراسیۆنەکەدا تانکیش بەکاردەهێنرێت. سوپای ئیسرائیل شاری غەززە و دەوروبەری وەک "ناوچەی جەنگ" ناساند. ڕاگەیەندراوە کە شەوی شەممە سەربازێکی ئیسرائیلی بە سەختی بریندار بووە و سەربازێکی دیکەش بە سوکی بریندار بووە.

درێژخایەن و سەخت دەبێت: شەوی شەممە بینامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕاگەیەندراوێکی بلاوکردەوە. ناتانیاهۆ دەستنیشانی کرد کە " شەڕەکە درێژ و سەخت دەبێت" و وتی: ئامانجیان لەناوبردنی حەماسە. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتی: "ئێمە تا ئەو کاتەی سەردەکەوێن شەڕ دەکەین". پێم وایە لەسەدا ٩٠ی بودجەی سەربازیی حەماس لە ئێرانەوە دێت. ئێران پشتیوانیەتی و ڕێکخستنی دەکات و بەڕیوەی دەبات.

دڵگرانی: یەحیا سینوار سەرۆکی حەماس لە غەززە ڕایگەیاند کە ئامادەن "هەموو دیلەکانی ئیسرائیل" لەگەڵ "هەموو دیلەکانی فەلەستینی" کە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە غەززە دەستبەسەرکراون، ئاڵوگۆڕ بکات. نەتانیاهۆ ڕایگەیاند کە ئیسرائیل هەموو دەرفەتەکان بۆ ئازادکردنی ئەو زیندانیانەی کە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرکراون بەکاردەهێنێت. بەپێی ئاماری دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل، ٢٣٠ کەس لە غەززە بە دیل گیراون. تا ئێستا تەنها ٤ ژن لە ناودیلەکاندا ئازاد کراون.

پچڕانی ئینتەرنێت: لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل، بەشێکی زۆری تۆڕەکانی پەیوەندی پچڕاوە. بۆیە چاودێری کردنی بارودۆخی هەرێمەکە قورس بووە.

بانگەواز: ڕۆژی شەممە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان جارێکی دیکە داوای کرد "دەستبەجێ ئاگربەستی مرۆیی" ڕابگەیەنرێت و "زیندانییەکان بەبێ مەرج ئازاد بکرێن". دیپلۆماتکاری ئەوروپا جۆسێپ بۆرێل داوای کرد: بۆ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ خەڵکدا دروست بکرێت، دەبێت ناوبڕێک لە شەڕەکەدا بدرێت.